ئەگەر دەستوور جێبەجێ کرابا عێراق تووشی زۆرێک لەو کێشانە ئێستا هەیە، نەدەبوو

سەرۆکی پارتی ڕایگەیاند، عێراق لەسەر ئەو بنەمایە دامەزرا کە کورد و عەرەب هاوبەشن لەم وڵاتەدا، بەڵام نەوەک هەر نەبووینە شەریک، مافی هاوڵاتیشیمان نەبوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود بازرانی، لە وتاری دەسپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەکەی ڕایگەیاند: هەموو هەڵبژاردنێک گرنگە، لەبەر ئەوە ناتوانم بڵێم ئەم هەڵبژاردنە زۆر زۆر گرنگە، هەر هەڵبژاردنێک لە هەلومەرجێکی جیاوازدا دێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بیستوومە کە بەشێکی زۆر لە خوشک و برایانی عەرەب و تورکمان لە چوارچێوەی لیستی پارتیدا، بۆیە دەمەوێت خۆشحاڵی زۆری خۆم دەرببڕم، ئەو بوونەی ئەوان گەشە بە بنەماکانی حزب دەدات و گەشە بە هێزی حزب دەدات، نەهجی ڕاستی پارتی دیموکراتی کوردستان نیشان دەدات.

مەسعوود بارزانی باسی لەوەش کرد، دەوڵەتی عێراق کە دامەزرا دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، لەسەر ئەو بنەمایە دامەزرا کە کورد و عەرەب  هاوبەشن لەم وڵاتەدا، ئەو کاتە کوردی باشوور دەنگیان دا کە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق بن، بەڵام بە مەرجێک کە هاوبەش بن لە حوکمدا، بەڵام بە داخەوە ئێمە نەوەک هەر نەبووینە شەریک، مافی هاوڵاتیشیمان نەبوو.

بارزانی دەشڵێت، "دوای ئەوە مافی ژیانیشمان نەما، شەراکەتی ئێمە بووە ئەنفال، کیمیاباران و وێرانکردنی دێهاتمان، زۆر لەوە بە داختر دوای ۲۰۰۳، نانی ماڵ و منداڵی ئەو ئەنفالکراوان و  کیمابارانکراوانەیان بڕی، لەبری ئەوەی قەرەبووی ئەو قوربانییانە بدەن".

سەرۆکی پارتی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌یدا گوتی: دەرفەتی زێڕین ساڵی ۲۰۰۳ بوو، ساڵی ۲۰۰۳ ڕژێمی بەعس ڕووخا و دەرفەتێکی زێڕین بۆ هەموو خەڵکی عێراق هاتە پێش،  ئێمە بە نیەتێکی پاک و ئیرادەیەکی زۆر بەهێز چووین بۆ بەغدا بۆ ئەوەی هەموو پێکەوە لەسەر بنەمای (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان)، عێراقێکی تازە دابمەزرێنین. بە هەموو توانایەکمان هەوڵمان دا ئەم عێراقە دروست بکرێت تا گەیشتە دەستوور لە ساڵی ۲۰۰۵، کەس بە قەد ئێمە ماندوو نەبووە بەم دەستوورە، ئەو وەختەش کە من گەڕامەوە بۆ کوردستان، گوتم: سوپاس بۆ خودا دەستوور تەواو بوو، ئەوە نییە دەستوورێک بێت کە هەموو خواستی ئێمەی جێبەجێ کردبێت یاخود بە دڵی هەموومان بێت، بەڵام ئەگەر تەماشای بکەین بەشێوەیەکی لۆژیکانە، دەستوورێکی زۆر باشە، تا ئاستێکی زۆر مافەکانی ئێمە دەستەبەر دەکات، بێ کەموکووڕی نییە، بەڵام ئیجابیاتی زۆر زۆر زیاترە لە سلبیاتی، ئەگەر ئەم دەستوورە جێبەجێ کرابا. عێراق تووشی زۆرێک لەو کێشانە نەدەبوو، زۆر له‌ گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغداش ڕوویان نەدەدا، بەداخەوە ئیلتیزامی پێوە نەکرا.

مەسعوود بارزانی باسی لەوەش کرد، "هەموو جارێک کە بەرەو هەڵبژاردن دەچین، دیسان پلانگێڕی لە دژی پارتی دەستپێدەکاتەوە. نەسیحەتی من بۆ ئەوانە بەخۆیاندا بچنەوە، جارێک دووجار سێ جار. ئیسان ئەبێ عیبرەت وەربگرێت. کاکە پارتی بە ئێوە ناشکێت، چ لەناو هەرێم چ بە هاوپەیمانی مەجموعەیەک لە بەغدا".

ناوبراو دەشڵێت: "لە هەرێم یان لە هەر شوێنێک بیر لەوە بکەنەوە بە هاوپەیمانی خۆتان هەرێم دەشکێنن، وەڵاهی هەرێم بە ئێوە ناکشکێت و پەشیمانیش دەبنەوە. پارتی بە ئێوە ناشکێت. پارتی زۆر گەورەتر لەوەی بە هاوپەیمانی ئەم و ئەو بشکێت".

News ID 226249

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha