ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ فڕۆکەخانەی جەلال تاڵەبانی، گۆڕا

وەزارتی گواستنەوەی عێراق، بە ڕەزامەندی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی گۆڕی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی.

کوردپرێس: بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، کە ڕۆژی ۷ـی ئەم مانگە دەرچووە و واژۆی حوسێن عەلی حوسێن، بەڕێوەبەری بازنەی بەڕێوبەرایەتی فڕۆکەخانەکەی عێراقی لەسەرە، ناوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەگۆڕێت بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی.

ئاماژەی بەوەش کرد، گۆڕینی ناوەکە بە ڕەزامەندی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و لەسەر دوای "دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی" بووە، کە لە بەرواری ۱۷ی (تەمموز/۷)ـی ئەم ساڵ داواکارییەکەی پێشکەش کردوە و ۷ـی ئەم مانگە نوسراوەی ناو گۆڕینەکە ئاڕاستەی سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق کراوە.

لایخۆیەوە محەمەد سابیر، سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و نووسراکە ئاراستەی سەرجەم فڕۆکەخانەکانی دیکەی عێراق کراوە بۆ ئاگاداکردنەوەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و تەواوکردنی ڕێکارەکان.

فڕۆکەخانەی سلێمانی، دەکەوێتە ڕۆژئاوای شاری سلێمانیەوە و لە ساڵی ۲۰۰۳ بەردی بناغەی دانراو لە ساڵی ۲۰۰۵ کارەکانی تەواوکرا و گەشتە ئاسمانییەکان تێیدا دەستیپێکرد، فڕۆکەخانەکە لە ساڵی ۲۰۱۸ـەوە لەلایەن وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت و ساڵانە یەک ملێون ۵۰۰ هەزار کەس دەتوانن گەشتی لێوە ئەنجام بدەن.

News ID 226174

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha