پۆستی وەزیری بەرگریی سووریا بۆ مەزڵووم کۆبانی پێشنیاز كراوە

ئیلهام ئەحمەد ئاشکرای دەکات لە چوارچێوەی پلانێک بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە بۆ ناو سوپای سووریا، پۆستی وەزیری بەرگری سووریا بۆ مەزڵووم کۆبانی پێشنیاز كراوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەر، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەری " المجلة" ڕایگەیاندووە: سیستەمی نا ناوەندی لە سووریا بە پێویستی دادەنرێت لە قۆناغی راگوزەردا، بۆ تێپەڕاندنی ئەزموونەکانی ڕژێمی پێشوو، کە شوناسە ناوخۆییەکانی سڕییەوە.

ناوبراو دەشڵێت: پەسەندکردنی سیستەمی نا ناوەندێتی تەنها بۆ پاراستنی یەكپارچەیی وڵات نییە، بەڵکوو بۆ دابین کردنی گەرەنتی ڕاستەقینە بۆ هەموو سوورییەکان بە جیاوازی پێكهاتەكانیانەوە و دوورکەوتنەوە لە دووباركردنەوەی هەڵەکانی سیستەمی ناوەندی.

ئیلهام ئەحمەد دەشڵێت: ئیدارەی خۆسەر لە میانی دانوستان لەگەڵ حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا، دیدێکی ڕوونی بۆ سیستەمی نا ناوەندێتی خستووەتەڕوو.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەر پێشی وایە: ئەم دیدگایە خۆی لە دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەنێوان حکومەتی ناوەند و پارێزگارەکان دەبینێتەوە، كە یەكێكیان بوونی دوو ژوورە لە پەرلەمان، یەکێکیان نوێنەرایەتی گەل و ئەوی دیکەیان نوێنەرایەتی پارێزگارەکان دەكات.

ناوبراو وتیشی: وێڕای زامنکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایک و نوێنەرایەتی سیاسی بۆ ژنان لە ناوەندەكانی بڕیاردان.

ئیلهام ئەحمەد جەختی کردەوە: ئەم دیدگایە یەکێکە لە دوو خاڵە دیارەی ناكۆكی سەرەكییە لەگەڵ دیمەشق، هاوشانی پەیوەندییەکانى داهاتووى هێزەکانی سووریای دیموکرات و سوپای سووریا.

ناوبراو وتیشی: لەناو ئەو پێشنیازانەدا کە خراوەتەڕوو، مەزڵووم عەبدی یان یەکێک لە سەرکردەکانی هێزەكانی سووریای دیموكرات پۆستی سەرۆکی ئەرکانی سوپای سووریایان وەزیری بەرگری وەربگرێت.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسە دەشڵێت: ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێکی وردە وردە بۆ تێکەڵکردنی هێزەکان بۆ ناو سوپای سووریا.

ناوبراو ڕاشیگەیاندووە: گومانم هەیە لە وردی گواستنەوەی قسەكانی ئەحمەد شەرع، لەبارەی ئەوەی وتبێتی ئەگەر نەگەینە لێکتێگەیشتن تورکیا هێرش دەكاتە سەر هێزەكانی سووریای دیموكرات.

News ID 226159

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha