بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەیانی ئەمڕۆ شەممە، ۲۷ـی ئەیلوولی ۲۰۲۵، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەناردەکردنەوەی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیاوە دەستیپێکردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی نەوت، کاتژمێر ۰۶:۰۰ـی بەیانی، پرۆسەی هەناردەکردنەوە دەستیپێکردووە و بەبێ هیچ کێشەیەکی تەکنیکی بەڕێوەچووە، ئەوەش "سەرکەوتنی هەوڵە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی ئەم دەستکەوتە گرنگە نیشان دەدات".
وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەم هەنگاوە بە "هەنگاوێکی دیار" وەسف دەکات "بۆ بەهێزکردنی بەڕێوەبردنی سامانی نیشتمانی بە گیانی هاوبەشی و هاوئاهەنگی بەرز، کە بەشدار دەبێت لە مسۆگەرکردنی بەردەوامیی هەناردەی نەوت و پشتگیریکردنی ئابووریی نیشتمانی".
لە ئاداری ساڵى ۲۰۲۳وە و لە ئەنجامی بڕیارێکی دادگەی پاریس، هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیرا، کە ئەوکات لەگەڵ نەوتى کەرکووکدا بڕەکەى رۆژانە دەگەیشتە نزیکەى ۴۰۰ هەزار بەرمیل.
بەڵام دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر شێوازی هەناردەکردنەوە و رێککەوتنی سێقۆڵیش لەگەڵ کۆمپانیاکان، ئەمڕۆ جارێکی دیکە هەناردە دەستیپێکردەوە.
لە قۆناخی یەکەمدا ۱۹۰ هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت و، ۲۴ بۆ ۴۸ کاژێر پێویستە تاوەکو نەوت دەگاتە بەندەری جەیهان.
Your Comment