بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەزگای ئاسایشی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت ڕۆژی ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٥ لە گوندی ئۆمەربلی قەزای کفری هاوڵاتی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم دەکوژرێت، دوای ڕووداوەکە دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی وردیان دەستپێکرد.
ئەوەشی خستەڕوو، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت بکوژ چووەتە باخی قوربانییەکە و چاوەڕوانی کردووە و دوای گەیشتنی (ئەکبەری حاجی ڕۆستەم) بە فیشەکێکی چەکی جۆری دەمانچە دەیکوژێت و دواتر بکوژ ئۆتۆمبێل و موبایلی کوژراو دەبات و لە شوێنی تاوان هەڵدێت و لە ڕێگەی ناحیەی سلێمان بەگ دەچێتە بەغدا و لە ناوچەی دۆرە لە ماڵێک خۆی حەشار دەدات.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، توانرا لە ٢٠٢٥/٩/٢٣ لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق و بە هەماهەنگی و زانيارى دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیر بکرێت.
دەزگای ئاسایش باسی لەوەش کرد: "تۆمەتبار بەڕەگەز عەرەبە و تەمەنی ٢٢ ساڵە ناوی (عەبدول عەزیز جاسم مەحموود) دوای ڕادەستکردنی و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکان لە دەزگای ئاسایشی هەرێم دانی بە تاوانەکەیدا ناوە".
دەزگای ئاسایش ئەوەشی ڕاگەیاند: لە ئێستادا تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بە ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادان ڕاگیڕاوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە.
Your Comment