بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەراوێزی لووتکەی نائاسایی عەرەبی- ئیسلامی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆ بووەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ستایشی ڕۆڵی "کاریگەر"ـی عێراقی کرد لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ناوچەکە و پەرۆشی عێراق بۆ ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەتی ئەو پشتگیرییەی کە پێشکێشی کردووە بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاشیگەیاندووە، سوودانی و ئەردۆغان، تاوتوێی دۆخی ناوچەکە و رێگاکانی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەیان کردووە. هەروەها جەختیان لەسەر کاری هاوبەشی عەرەبی و ئیسلامی کرایەوە بۆ کەمکردنەوەی پێشێلکارییە بەردەوامەکان و "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل دژی فەلەستینییەکان" لە غەززە و وڵاتانی دیکەی عەرەبی، لەوانەش دەستدرێژییەکەی بۆ سەر دەوڵەتی قەتەر.
سوودانی سوپاسی ئەردۆغانی کرد بۆ هاوکارییەکانی لەبارەی قەیرانی ئاوەوە کە عێراق و ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕن.
لووتکەکەی دەوحە، کە زیاتر لە ۵۰ سەرکردە و سەرۆکی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کۆ کردەوە، دوای هێرشەکەی ۹ی ئەم مانگەی ئیسرائیل هات بۆسەر شاندی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر.
Your Comment