قەرەیلان: بۆ گەیشتن بە ئاشتی ڕاستەقینە دوو هەنگاوی سەرەکی پێویستە

موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) پەیامێکی بۆ ۳۳ـیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی ڕۆشنبیریی کورد لە دۆرتمۆندی ئەڵمانیا نارد و تێیدا ئاماژەی بە پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قەرەیلان لە پەیامەکەیدا ڕەخنەی لە دەسەڵات و دەوڵەتی تورکیا گرت بەوەی لەم پرۆسەیەدا هەنگاو نانێن و وتی: بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد پێویستە دوو هەنگاوی سەرەکی بنرێن: "تاوەکوو رێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت و زمان و کولتووری کوردی ئازاد نەبن، ئاشتیی ڕاستەقینە بەدی نایەت"، و جەخت لەوە دەکاتەوە "هەڕەشە و فێڵ" سوودیان نابێت.

قەرەیڵان، بانگەوازەکەی ۲۷ـی شوباتی ئۆجەلانی بیرهێنایەوە و رایگەیاند، ئۆجەلان بەهۆی بینینی جەنگ و مەترسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەڵامی بانگەوازی باخچەلی دایەوە.

ئەو بەرپرسەی پەکەکە هەروەها گوتی: "ئێمە لە ۱۲یەمین کۆنگرەی پەکەکەدا، ئەو بڕیارە گرنگ و ستراتیجییانەمان پەسند کرد. دواتریش هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێمان کردن، بەڵام دەوڵەتی تورکیا تاوەکوو ئێستا جگە لە چەند هەوڵێکی ئاسایی، هیچ هەنگاوێکی نەناوە".

موراد قەرەیڵان ئامادەیی نیشاندا بۆ هەر هەنگاوێک لە بابەتی پەرەپێدانی ئاشتی و برایەتیی گەلان. هەروەها گوتی: "ئێمە ئامادەین، بەڵام تاوەکوو ئێستا دەوڵەتی تورکیا هیچ کردار و هەوڵێکی لەم جۆرەی نیشان نەداوە. جا بۆ چارەسەری، پێویستە دوو هەنگاوی گرنگ بنرێن. یەکەم، رێبەر ئاپۆ دەبێت بە شێوەیەکی فیزیکی ئازاد بێت. دووەمیش، زمانی کوردی و کولتووری کوردی دەبێت ئازاد بن و یەکسانیی کولتووری هەبێت".

قەرەیڵان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئازادیی ئۆجەلان "ئازادیی تاکە کەسێک نییە" و ئۆجەلانی بە دانوستانکاری سەرەکی و لایەنی سەرەکیی گفتوگۆ وەسف کرد.   

قەرەیڵان ڕایگەیاند، ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمان پێکهێنراوە ئەندازیاری پرۆسەکەی لە دەرەوە هێشتووەتەوە و گوتی: "باس لەوە دەکەن گفتوگۆ بکەین یان نا! ئەو کەسەی ئەم پرۆسەیەی سازکردووە، (ئۆجەلان)ـە. ئەگەر ئێوەش لیژنەیەکن کە بۆ ئەم پرۆسەیە پێکهێنراون، کەوایە پێویستە ئێوە لەگەڵ ئەندازیارەکەی قسە بکەن. ئەگەر گفتوگۆ بکرێت، بێگومان دەبێت ئازاد بێت. ئەگەر رێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، هیچ شتێک بەدی نایەت. هەموو کەسێک دەبێت ئەمە بزانێت. ئەگەر رێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت و زیندانەکان پڕ بن، چۆن گەریلا چەک دادەنێت؟ چۆن برایەتیی تورک و کورد بەدی دێت؟"

قەرەیڵان لە بەردەوامیی پەیامەکەیدا ئاماژەی بە رێوڕەسمی سووتاندنی چەک کرد کە رۆژی ۱۱-۷-۲۰۲۵ لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و گوتی:"ئێمە چەکەکانمان سووتاند! ئەوە شتێکی ئاسان نییە. ئەگەر ئێمە بە ستراتیجییەوە سەیری ئەم پرۆسەیەمان نەکردبا، وامان نەدەکرد. بۆیە هەمووان، بەتایبەتیش دەوڵەتی تورکیا، دەبێت جیدییەتی ئێمە ببینێت".

موراد قەرەیڵان هەروەها رایگەیاند، پەکەکە ئەو هەنگاوەی لە بێچارەیی نەناوە و گوتی: "ئێمە وەک گەلی کورد، وەک بزووتنەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزین. ئەمە شتێکە دەبێت هەموو کەسێک بیزانێت. لەبەر ئەوە هەڕەشە، یاری و فێڵ سوودیان نابێت، بەڵام ئەگەر راستگۆیی هەبێت، هەر بەڕاستی دەرگای ئێمە بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن واڵایە. پێویستمان بەمە هەیە، هەتاوەکو بزانین کە بەڕاستی چووینەتە ناو پرۆسەیەکی ئاشتییەوە".

قەرەیڵان ئاماژەی بە کۆبوونەوەی لیژنەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەورووپا کرد "مافی هیوا"ی تێدا تاوتوێ دەکرێت و گوتی: "ئەگەر ئەنجوومەنی ئەورووپا دەیەوێت ئاشتی بەدی بێت، ئەگەر بەڕاستی نایەوێت پرۆسەکە بمرێت، دەبێت بەرپرسیارێتییەکانی سەر شانی بگرێتە ئەستۆ. ئازادیی جەستەیی رێبەر ئاپۆ و بەخشینی مافی هیوا، دەبنە دەستپێکی سەردەمێکی نوێ لە ناوچەکەدا".

قەرەیڵان هەروەها رایگەیاند، چوونەتە قۆناخێکی زۆر گرنگەوە و ئێستا چۆنیەتیی بەرەوپێشچوونی ئەم پرۆسەیە نادیارە. گوتیشی، دەبێت ئامادەی هەموو جۆرە ئەگەرێک بن.

News ID 226083

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha