ئەنەکەسە جەخت لە گفتوگۆیەکی جددی لەگەڵ دیمەشق دەکاتەوە

ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا ڕایگەیاند، پێویستە گفتوگۆیەکی جددی لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق بكرێت بۆ دڵنیابوون لە گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و گشتگیر بۆ پرسی کورد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەنجومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا (ENKS) لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، پێویستە گفتوگۆیەکی جددی لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق بكرێت بۆ دڵنیابوون لە گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و گشتگیر بۆ پرسی کورد بە مەبەستی دیاریکردنی شێوەی دەوڵەتی داهاتووی سووریا.

ئەنەکەسە ئاماژەی بەوەش كرد، ئەنجومەنەکە دووبارە جەختی لەسەر "گرنگی بەردەوامبوونی هاوکاری و کاری هاوبەش لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا دەكاتەوە، بە شێوەیەک کە دڵنیایی بدات لە بەدیهێنانی ئاواتەکانی هەموان لە دەوڵەتێکی دیموکراسی فرە پێکهاتە کە هەموو پێکهاتەکانی سووریا لەخۆ بگرێت".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، پێویستە سەرنج بخرێتە سەر قۆناغی بنیادنانی دەوڵەتی نوێی سووریا کە پێویستی بە بەشدارییەکی کارا و گشتگیر هەیە لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا لە داڕشتنی وێنەی داهاتوو، هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی گەلی کورد کرد لە پەرەپێدانی ژیانی سیاسی لە سووریا سەرەڕای ئەوەی کە ڕووبەڕووی پەراوێزخستن و نکۆڵی کردن لە مافە نەتەوەییەکانی بوەتەوە.

News ID 226081

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha