نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی لەگەڵ فەرماندەی سێنتکۆم کۆ بوونەوە

ڕۆژی سێشەممە ۲ی ئەیلوولی ۲۰۲۵، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەجیا لەگەڵ ئەدمیراڵ چارلز براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) و شاندێکی باڵای یاوەری کۆ بوونەوە و تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانیان هاوکاریی ئەمنی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا بوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆبوونەوەکەی نێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و ئەدمیراڵ چارلز براد کووپەر فەرماندەی سێنتکۆمدا، کە ژمارەیەک لە پلەدارانی سەربازی و راوێژکارانی ئەمریکی ئامادە بوون، پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاسایش و سەربازیدا، تاوتوێ کران.

لە ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دا ئەوەش هاتووە: هەردوولا گفتوگۆیان دەربارەی مەترسییەکانی داعش و هەڕەشەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و سووریا کرد. هاوکات، هاوکاری و یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی توانا سەربازی و ئەمنییەکان، تەوەرێکی گرنگی گفتوگۆکان بوو.

نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی لەگەڵ فەرماندەی سێنتکۆم کۆ بوونەوە

نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوکاری و پشتگیریی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەتایبەتی لە تێکشکاندنی داعش و پێشکێش کردنی یارمەتی و مەشق و راهێنان بە هێزی پێشمەرگە، و هاوکاریکردنی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.  

وەکوو لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیدا هاتووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئامادەیی و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی هاوپەیمانی و هاریکاریی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا دووپات کردەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئەدمیراڵ کووپەر، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانینی بۆ رۆڵی هەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوە و تێکشکاندنی داعش، پابەندبوونی ئەمریکای بۆ پشتگیری کردنی عێراق و هەرێمی کوردستان وەکو هاوپەیمانێکی گرنگ دووپات کردەوە.

کووپەر ئاماژەی بەوە داوە، وڵاتەکەی بە بایەخێکی زۆرەوە لەو پەیوەندییانە دەڕوانێت؛ جەختیشی لە پتەوکردنی هاریکاریی هاوبەشی نێوانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەنێوبردنی یەکجارەکی داعش و هەڕەشە ئەمنییەکان کردووەتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە ویندی گرین، کۆنسووڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دۆخی سووریا، دوایین پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هەردوولا، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

هەروەها لە کۆبوونەوەیەکی دیکەدا مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی نوێی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە تەوەرێکی سەرەکی بوو، جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە کرایەوە.

نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی لەگەڵ فەرماندەی سێنتکۆم کۆ بوونەوە

مەسروور بارزانی، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە ئەدمیراڵ کووپەر کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست. هەروەها سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاری و پشتیوانیی ئەمریکا دووپات کردەوە.  

لە کۆبوونەوەکەدا، جەنەراڵ کێڤن لامبێرد، فەرماندەی نوێی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا ئامادە بوو، مەسرور بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێکرد.

لەلایەن خۆیەوە، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، ئاماژەی بە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان وەک هاوپەیمان و هاوبەشێکی سەرەکی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کرد. ئەدمیراڵ کووپەر، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە.

نێچیرڤان بارزانی و مەسروور بارزانی لەگەڵ فەرماندەی سێنتکۆم کۆ بوونەوە

یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەسەر رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش، هاوکات لەگەڵ دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سووریا.

News ID 226033

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha