سێنتکۆم: هەرێمی کوردستان هاوپەیمانی سەرەکیی ئەمریکایە لە ناوچەکە

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا باسی لە سەردانەکەی ڕۆژی سێشەممەی براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سێنتکۆم لە پەیامەکەدا دەڵێت: لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، "کووپەر تیشکی خستە سەر رۆڵی هەرێمی کوردستان و گوتی: ئەوان هاوپەیمان و هاوبەشی سەرەکیی ئەمریکان لەم ناوچەیە و ئێمەش لێرە پابەندین بە پشتیوانیکردن لە ئاسایش و ئارامیی هاوپەیمانەکانمان."

سەردانەکەی کووپەر بۆ هەولێر، بە گوتەی سێنتکۆم، لە چواچێوەی بەسەرکردنەوەی تەواوی ناوچەی کاری سێنتکۆم بوو، کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەشێکی نێوەڕاستی ئاسیا دەگرێتەوە. 

لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە پلەدارانی سەربازی و راوێژکارانی ئەمریکی ئامادە بوون، پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاسایش و سەربازیدا، تاوتوێ کران.

بەپێی راگەیێندراوێکی رۆژی سێشەممەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا گفتوگۆیان "لەبارەی مەترسییەکانی داعش و هەڕەشەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و سووریا کرد. هاوکات، هاوکاری و یارمەتییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی توانا سەربازی و ئەمنییەکان، تەوەرێکی گرنگی گفتوگۆکان بوو".
لە کۆبوونەوەکەیاند، نێچیرڤان بارزانی "سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هاوکاری و پشتگیریی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەتایبەتی لە تێکشکاندنی داعش و پێشکێشکردنی یارمەتی و مەشق و راهێنان بە هێزی پێشمەرگە و هاوکاریکردنی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە."
وەک لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیدا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی هاوپەیمانی و هاریکاریی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکا دووپات کردەوە.

News ID 226040

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha