به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى سه‌رچاوه‌یێک له سه‌رکردایه‌تى پارتى به شارپرێسى ڕاگه‌یاندووە: "له‌دواى ڕووداوى هێرشکردنه‌سه‌ر لاله‌زار له‌لایه‌ن یه‌کێتییه‌وه، پارتى تیمێکى سێ که‌سى دروست کردووه که پێکهاتوون له مه‌کته‌ب سیاسییێک و دوو سه‌رکردایه‌تى".
سه‌رچاوه باڵاکه‌ى سه‌رکردایه‌تى پارتى، ئامانج و هۆکارى پێکهێنانى ئه‌و تیمه سێ کهسیهى ئاشکرا کرد و ڕایگه‌یاند: "ئه‌و تیمه‌ى پێکهێنراوه، ته‌واوى مه‌کته‌بى په‌یوه‌ندیه‌کانیشی پارتیشیان له‌گه‌ڵدایه‌و ئه‌رکیان بریتى ده‌بێت له‌گه‌یاندنى ورده‌کاریى ڕوداوى هێرشکردنه‌سه‌ر لاله‌زار".
وتیشى: "ئه‌و تیمه‌ى پێکهێندراوه، سه‌ردانى ته‌واوى کونسوڵخانه‌و نوێنهرایهتىو باڵیۆزخانه‌کان دهکاتو بۆیان ڕونده‌کاته‌وه، که پارتى‌و هیچ هێزێکى فه‌رمى حکومه‌تى هه‌رێم بهئاگاداریىو بڕیارى حکومه‌ت به‌شداریى هێرشه‌که‌ى سه‌ر لاله‌زارى نه‌کردوه".
سه‌رچاوه باڵاکه جه‌ختی کرده‌وه: "پارتى ئه‌و په‌یامه ده‌گه‌یه‌نێت به‌سه‌رجه‌م نوێنهرایهتىو باڵیۆزخانه‌کان، که ئه‌و هێزه‌ى یه‌کێتیی له‌و هێرشه‌دا به‌کاریهێناون، ڕاسته هێزى فه‌رمى حکومه‌تن، به‌ڵام بهبێئاگاداریىو بڕیارى حکومه‌ت ئه‌وکاره کراوه".
له‌به‌شێکى دیکه‌ى لێدوانى به‌رپرسه باڵاکه‌ى پارتى، "تیمه‌که‌ى پارتى که پێکیهێناوه، ورده‌کاریى ژماره و پێکهاته‌ى هێزه‌که و جۆرى چه‌که‌کان ده‌دات به‌سه‌رجه‌م باڵیۆزخانه و نوێنه‌رایه‌تى وڵاتانى جیهان و ورده‌کاریى ئه‌و هێرشه بۆسه‌ر لاله‌زار ڕوون ده‌کاته‌وه".
سه‌رچاوه باڵاکه‌ى پارتى ئه‌وه‌شى وت: "پارتى دیموکراتى کوردستان به مافى خۆى ده‌زانێت ئه‌و جووڵه دیپلۆماسیى و سیاسییه ده‌ستپێبکات، چوونکه پارتى هێزى یه‌که‌مى هه‌رێمى کوردستانه و پێکهێنه‌رى سه‌ره‌کى حکوومه‌تى هه‌رێمه، بۆیه ڕێگه نادات هیچ هێزێک ئه‌وه بکات که له سلێمانى ڕوویدا و وه‌کوو خاڵى لاواز و نه‌رێنى له‌سه‌ر هه‌رێم حساب بکرێت".
ڕۆژى سێشه‌ممه، له نوێترین پێشهاتى دواى ڕووداوه‌که‌ى لاله‌زار، بافڵ تاڵه‌بانى جووڵهیێکى سیاسیى دژى پارتى ئه‌نجام دا و سه‌رجه‌م په‌یوه‌ندییه‌کانى حزبه‌که‌ى له‌گه‌ڵ پارتى دیموکراتى کوردستان ڕاگرت.
سه‌ربارى ئه‌و جووڵهیهى سه‌رۆکى یه‌کێتیى، دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر قوباد تاڵه‌بانى له کۆبوونه‌وه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یێک له میدیاکانى هه‌رێمى کوردستان هه‌ڵوێستى حزبه‌که‌ى به‌رامبه‌ر پارتى دیموکراتى کوردستان ڕاگه‌یاند و وتى: "پارتى هیچ پهیوهندییێکى به‌م که‌یسه و به جووڵه‌کان دژى یه‌کێتیى و خودى بافڵ تاڵه‌بانییه‌وه نییه".
ئه‌و جووڵه سیاسییه تونده‌ى پارتى دیموکراتى کوردستان له کاتێکدایه، به‌ره‌به‌یانى ڕۆژى ۲۲ى ئه‌م مانگه، یه‌کێتیى نیشتمانى کوردستان به هێزێکى زۆر و چه‌کى زۆر قورس هێرشیکرده‌سه‌ر لاله‌زار و شوێنى حه‌وانه‌وه‌ى لاهوور شێخ جه‌نگى و دواى ڕووبهڕووبوونهوهیێکى توندى سێ کاتژمێر و نیوى، هێزه‌که‌ى یه‌کێتیى لاهوور شێخ جه‌نگى و پۆلادى برایان ده‌ستگیرکرد.
دواتر چه‌ند زانیارییێک باسیان له‌وه‌کرد، ئه‌و چه‌کانه‌ى له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌کانه‌وه دژى لاهوور شێخ جه‌نگى و لاله‌زار به‌کارهێندراون، بریتین له۱۵۰ درۆنى بۆمبڕێژکراو و چاودێریى، نزیکه‌ى هه‌زار هاوه‌ن، نۆ تانک، ۱۰۰ موده‌ڕه‌عه و ۱۵۰ باجه‌ر، سه‌رجه‌م چه‌که‌کانیش فەرەنسی و ئەمریکین.
Your Comment