لە ماوەیێکی نزیکدا کێشەی مووچە چارەسەر دەکرێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای بەشداری کردن لە کۆنفرانسی جینۆسایدی ئێزدییان لە زانکۆی کوردستان لە شاری هەولێر، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەڤانیدا باسی لە هەوڵەکانی دابین کردنی مووچە، دۆخی سلێمانی و هەناردەکردنەوەی نەوت کرد.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "هەرێمی کوردستان و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیێکی چڕدان؛ هیوادارین نزیک بین لەوەی بگەینە چارەسەرێک. کۆبوونەوەکان بۆ ئەو مەبەستە لە هەولێر و بەغداش بەردەوامن".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتیشی: "کاری لەپێشینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە چۆن کێشەی مووچە چارەسەر بکات. من خۆم وای دەبینم لە ماوەیێکی نزیکدا ئەو کێشەیە چارەسەر دەکرێت".

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی ڕووداوەکانی ۲۲ـی ئاب لە سلێمانی گوتی: "پەیاممان لەسەر رووداوەکانی سلێمانی هەبووە. ئەوەی لای ئێمە گرنگە هەموو بابەتەکان بەشێوەیەکی یاسایی بەڕێوەبچن".

لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "لە دانوستاندنێکی زۆر چڕداین. دوو رۆژ لەمەوبەر لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا قسەم کرد لەسەر ئەو بابەتە. لەگەڵ کۆمپانیاکانیش قسەمان کردووە. هەموو هەوڵی ئێمە ئەوەیە بە زووترین کات ببینین نەوت لە بۆریی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێتەوە".

لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "گفتوگۆ لەنێوان پارتی و یەکێتی بەردەوامە، بەڵام هیچ کاتێک دیار نییە و ئەوەی هەیە گفتوگۆیەکی تەواو هەیە".

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکی دیکەدا لەبارەی رووداوەکانی سلێمانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئینشاڵڵا چارەسەر دەبێت. ئەوەی گرنگە سەروماڵی هاووڵاتییان بپارێزرێ و بابەتەکە رێڕەوی یاسایی وەربگرێت. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە دەبێت یاسا سەروەر بێت".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا و باکووری کوردستان بەمشێوەیە وەڵامی رۆژنامەڤانانی دایەوە: "هەنگاوی باش چووەتە پێش، پرۆسەیەکی ئاسان نییە بە شەو و رۆژێک بچێتە سەر، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە راستە پڕۆسەکە خاوە، بەڵام هەنگاوی جیدی هەیە".

لەبارەی سەردانی بۆ بەغدا و گفتوگۆکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "نیازمان هەیە و دەچین، نازانم کەی دەچین، بەڵام بەغدا پایتەختی ئێمەیە و هەرکات پێویست بێت دەچین".

News ID 225973

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha