بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە سەلاحەددین مەسعوود بارزانی، پێشوازی لە كریستیەن هۆهمەن باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق كرد، لە دیدارەکەدا کە باڵیۆزی ئەڵمانیا بە مەبەستی ماڵئاوایی و کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی سەردانی بارزانی کردبوو و ئاڵبێرت ڤۆن ویتكێ، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا ئامادەییبوو، بارزانی سوپاسی ڕۆلی ئەڵمانیا و یەکێتی ئەوروپای کرد بۆ پشتگیری لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.
مەسعوود بارزانی، تایبەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ ئاماژەی بەوەدا کە گەڕانەوە بۆ پڕەنسیپەکانی تەوافق و تەوازن و شەراکەت باشترین چارەسەرە و ئێمە دەمانەوێ دەستوور جێبەجێ بکرێت.
بارزانی ئاماژەی بەوەشدا کە: "ئێمە شتێکی زیاتر لە چوارچێوەی دەستورمان داوا نەکردووە، بەڵام بە کەمتریش لەوە رازی نابین کە دەستوور بە گەل و هەرێمی کوردستان داوە".
لە بارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە، "دوای کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان تێگەیشتنی باشتر هەیە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و ئومێدەوارین پێش هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم پێک بهێنرێت".
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، "هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی ئەڵمانیا سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆل و پێگەی بارزانی هەبوو و پشتیوانی ئەڵمانیا و وڵاتانی ئەوروپای بۆ پێگەی دەستووریی قەوارەی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە بوونی ژمارەیەکی بەرچاوی کونسوڵخانە لە هەرێم پەیامێکە کە دەبێت قەوارەی هەرێمی کوردستان پارێزگاری و بەرگری لێبکرێت و ئاماژەی بە ئەو سەرکەوتنانە دا كە هەرێمی کوردستان بۆ ژێرخانی ئابوری و ئارامی و سەقامگیری هەیەتی".
ئومێدیشی خواست لە شوێنەکانی دیکەی عێراقیش بێتەدی و هیوای خواست کە ئەو نمونە بەرچاوەی لە بوارە خزمەتگوزارییەکاندا لە هەرێمی کوردستان هاتووەتە کایەوە بە تایبەت لە پرسی ئاو و کارەبا لە عێراقیش هەمان ئەو ئەزموونەی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان.
Your Comment