کوردپرێس: بەپێی ڕاگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی باڵیۆزی ئەڵمانیا کرد بۆ هەوڵەکانی لە ماوەی کارکردنیدا لەپێناو پتەوکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی نوێیدا بۆ خواست.
ڕاگەیێندراوەکە دەڵێت، لەلایەن خۆیەوە، باڵیۆز هۆمان خۆشحاڵی خۆی بە کارکردن لە عێراق نیشاندا و سوپاسی پشتیوانیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانی کرد. هەروەها دووپاتی کردەوە کە ئەڵمانیا بە بایەخەوە سەیری پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و خوازیارە لە هەموو بوارەکاندا پەرەیان پێبدرێت.
گفتوگۆکان هەروەها دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و دوا پێشهاتەکانی سووریا و ناوچەکە بەگشتی لەخۆگرت. کۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیاش لە هەرێمی کوردستان ئامادەی دیدارەکە بوو.
Your Comment