گرێکوێرەی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان کوردەکان و حکوومەتی تورکیا

زیاتر لە ساڵێک دوای هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و کۆتایی هاتنی فەرمیی خەباتی چەکداری، پرۆسەی ئاشتی لە نێوان حکوومەتی تورکیا و بزووتنەوەی کوردیدا کەوتووەتە قۆناغێکی هەستیارەوە. ئەگەرچی لایەنە سەرەکییەکان لەسەر پێویستیی پەسەندکردنی یاسایەک بۆ بەڕێوەبردنی سەردەمی دوای شەڕ ڕێککەوتوون، بەڵام جیاوازیی بۆچوون لەسەر پانایی ئەم یاسایە، بارودۆخی ئەندامانی پەکەکە، پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئاستی چاکسازییە سیاسییەکان، پەسەندکردنی یاساکەی دواخستووە و پەرلەمانی تورکیای کردووەتە ناوەندی سەرەکیی ململانێکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زیاتر لە ساڵێک دوای ئەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆتایی خەباتی چەکداری و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی خۆی ڕاگەیاند، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا چووەتە قۆناغێکی نوێوە. ئەگەرچی پێکدادانە سەربازییەکان تا ئاستێکی زۆر هێور بوونەتەوە، بەڵام ئێستا ئاستەنگی سەرەکی گوازراوەتەوە بۆ گۆڕەپانی سیاسەت و یاسادانان؛ لەو شوێنەی کە پەسەندکردنی «یاسای چوارچێوەی ئاشتی» بووەتە گرنگترین بابەتی جیاوازیی بۆچوون لە نێوان حکوومەتی تورکیا و بزووتنەوەی کوردیدا.

بڕیارە ئەم یاسایە شێوازی داماڵینی چەک، سەلماندنی ڕاستییەکان، گەڕانەوەی هێزەکانی پەکەکە بۆ ژیانی ئاسایی و چوارچێوەی یاسایی سەردەمی گواستنەوە بەرەو ئاشتی دیاری بکات. سەرەڕای ئەوەی نزیکەی هەموو ئاکتەرە سەرەکییەکان لەسەر پێویستیی پەسەندکردنی یاسایەکی وەها هاوڕان، هێشتا هیچ پڕۆژەیاسایەک ئاڕاستەی پەرلەمانی تورکیا نەکراوە.

پشتیوانانی ئەم پڕۆژەیە پێیان وایە بەردەوامبوونی پشتبەستن بە یاساکانی دژە-تێرۆر و ڕێنماییە ئامادەکان، بەتایبەت یاسای ناسراو بە «پەشیمانیی کاریگەر»، لەگەڵ ڕێڕەوی ڕێککەوتنێکی سیاسی ناگونجێت. لە دیدی ئەوانەوە، پرۆسەی ئاشتی پێویستی بە چوارچێوەیەکی یاسایی سەربەخۆ هەیە تا جێگەی تێڕوانینی ئەمنی و تایبەتی ڕابردوو بگرێتەوە.

بە پێچەوانەی گفتوگۆکانی ئاشتیی ساڵانی پێشوو، ئەمجارەیان حکوومەتی تورکیا، پارتی یەکسانی و دیمۆکراسیی گەلان (دەم پارتی)، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و تەنانەت سەرکردەکانی پێشووی پەکەکەش هەموویان جەختیان لەسەر پێویستیی یاسادانان لەلایەن پەرلەمانەوە کردووەتەوە. جیاوازیی سەرەکی چیتر لەسەر بنەمای یاساکە نییە، بەڵکو لەسەر ناواخن و جەوهەرەکەیەتی.

دوای ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، پەرلەمانی تورکیا لیژنەیەکی تایبەتی بۆ تاوتوێکردنی ئامادەکارییەکانی داڕشتنی یاساکە پێکهێنا. هەموو پارتەکانی پەرلەمان، بێجگە لە پارتی «باش» (ئیی پارتی)، بەشدارییان لەم لیژنەیەدا کرد؛ ڕووداوێک کە بە یەکێک لە بەرفراوانترین ڕێککەوتنە سیاسییەکان دەربارەی پرسی کورد لە ساڵانی دواییدا ئەژمار دەکرێت.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، داڕشتنی یاساکە چەندین جار دواخراوە. حکوومەتی تورکیا پێی وایە پێویستە سەرەتا داماڵینی تەواوەتیی چەکی پەکەکە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە پەسەند بکرێت و دواتر بەندەکانی یاساکە جێبەجێ ببن. لە بەرامبەردا، پارتی یەکسانی و دیمۆکراسیی گەلان هۆشداری داوە کە بەردەوامبوونی دواکەوتنەکە، ئەو متمانەیەی دوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دروست بووە لە ناوی دەبات و دەرفەتی ڕەخساو لە دەست دەدات.

جیاوازیی یەکەم لەسەر ئاستی ئەو کەسانەیە کە یاساکە دەیانگرێتەوە. حکوومەت دەیەوێت یاساکە زیاتر ئەندامە ئاساییەکانی پەکەکە بگرێتەوە و سەرکردە باڵاکان لە سوودەکانی بەهرەمەند نەبن. هەروەها حکوومەت هەر جۆرە لێبوردنی گشتیی ڕەت کردووەتەوە و جێبەجێکردنی یاساکەی بە پشتڕاستکردنەوەی تەواوی داماڵینی چەک مەرجدار کردووە.

لە بەرامبەردا، پەکەکە دژی هەر جۆرە جیاکارییەک لە نێوان سەرکردەکان و ئەندامانی ئاساییدایە و داوای جێبەجێکردنی یاساکە بۆ هەموو ئەندامانی ناو ئەم ڕێکخراوە دەکات.

بابەتی دووەم پەیوەندیی بە یاسای «پەشیمانیی کاریگەر»ەوە هەیە؛ یاسایەک کە سزای ئەندامانی گرووپە چەکدارەکان لە کاتی هاوکاریکردنی حکوومەت و پێشکەشکردنی زانیاریدا کەمدەکاتەوە. ئەگەری هەیە حکوومەت جۆرێکی دەستکاریكراوی ئەم یاسایە بهێڵێتەوە، بەڵام پەکەکە پێی وایە شێوازێکی وەها بۆ جیابوونەوەی تاکەکەسی لە گرووپێک دارێژراوە و نابێت ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی ململانێیەکی سیاسی. لە دیدی ئەم گرووپەوە، ناچارکردن بۆ دەربڕینی پەشیمانی، پرۆسەی ئاشتی تا ئاستی «خۆدەستەوەدان» دادەبەزێنێت.

سێیەم جیاوازی پەیوەندیدارە بە بارودۆخی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە. حکوومەت هیچ بەرنامەیەکی بۆ گۆڕینی بارودۆخی یاسایی ئەو پێشکەش نەکردووە، بەڵام پەکەکە چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام لە کۆتاییدا دەبێت بباتە سەر ئازادکردنی ئۆجەلان.

جیاوازییەکی دیکەش دەربارەی ئامانجی کۆتایی پرۆسەی ئاشتییە. حکوومەت پرۆسەکە لە داماڵینی چەک، پشتڕاستکردنەوە و گەڕانەوەی هێزەکاندا کورت دەکاتەوە، لە کاتێکدا بزووتنەوەی کوردی داوای چاکسازیی بەرفراوانتر دەکات کە زامنی یاسایی، گەشەپێدانی دیمۆکراسیی ناوچەیی، یەکسانیی هاووڵاتیبوون و مافە سیاسییەکان دەگرێتەوە.

یەکێک لە گرنگترین پێشهاتەکانی ئەم پرۆسەیە، گۆڕانی پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە. ئەو کە ساڵانێک سەرکردەی بزووتنەوەیەکی چەکداری بوو، ئێستا زیاتر لە ڕابردوو خۆی وەک پارێزەری چارەسەرێکی سیاسی دەناسێنێت.

لە ڕاگەیەندراوەکانی دواییدا، ئۆجەلان لەباتی جەختکردنەوە لەسەر داواکارییە ڕێکخراوەییەکان، جەختی لەسەر چەمکگەلێکی وەک زامنی یاسایی، پێکەوەژیانی دیمۆکراسییانە، یەکسانی لە بەرامبەر یاسادا و ڕۆڵی پەرلەمان لە دروستکردنی ئاشتیی بەردەوامدا کردووەتەوە. داواکارییە تایبەتەکانی خۆشی بۆ باشترکردنی مەرجەکانی زیندان، توانای پەیوەندیی یاسایی و بەردەوامبوونی بەشداری لە گفتوگۆکاندا سنووردار کردووەتەوە.

لە هەمان کاتدا، پارتی یەکسانی و دیمۆکراسیی گەلان ئەم بنەمایانەی کردووەتە پێشنیازی ڕوونی پەرلەمانی و سەرکردەکانی پێشووی پەکەکەش هێشتا بەرگری لە داواکارییە کردارییەکانی ڕێکخراوەکە دەکەن، لەوانە دژایەتیکردنی دەستنیشانکردنی سەرکردەکان بۆ بەدەرکردن و دژایەتیکردنی یاسای «پەشیمانیی کاریگەر».

بە بڕوای شرۆڤەکاران، ئەم جیاوازییانە زیاتر دابەشکردنی ڕۆڵی سیاسییە نەک جیاوازیی ستراتیجی؛ بە جۆرێک کە ئۆجەلان لەباتی ئەوەی خۆی وەک سوودمەندی گفتوگۆکان بناسێنێت، لە پێگەی دەستەبەری بەردەوامبوونی پرۆسەی ئاشتیدا دەرکەوتووە.

بە پێچەوانەی ئەو وێنەیەی زۆرێک لە ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتییەکان پێشکەشی دەکەن، جیاوازیی سەرەکی تەنیا لە نێوان حکوومەتی تورکیا و پەکەکەدا نییە. لە کاتێکدا بەشە جیاوازەکانی بزووتنەوەی کوردی لە کاتی بانگەوازەکەی ئۆجەلانەوە لە شوباتی ۲۰۲۵دا لەسەر کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و گواستنەوەی پرسی کورد بۆ گۆڕەپانی سیاسەت و پەرلەمان گەیشتوونەتە ڕێککەوتن، لە لایەنی حکوومەتی تورکیاوە هەماهەنگییەکی وەها بەدی ناکرێت.

رەجەب تەییب ئەردۆغان پرۆسەی ئێستا زیاتر لە چوارچێوەی دروشمی «تورکیای بەبێ تێرۆر»دا دەناسێنێت و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بە ئەنجامی سەرکەوتنی سیاستە ئەمنییەکانی حکوومەت دەزانێت. ئەم تێڕوانینە، تێچووی سیاسیی شکستی ئەگەریی گفتوگۆکان بۆ حکوومەت کەم دەکاتەوە و لە کاتی سەرکەوتنیشدا دەرفەتی بەکارهێنانی سیاسیی لێ دەپارێزێت.

لە بەرامبەردا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، بە یەکێک لە پشتیوانە جدییەکانی پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی و پەسەندکردنی خێرای یاساکە دادەنرێت و چەندین جار جەختی لەسەر پێویستیی هەنگاوی خێرای پەرلەمان کردووەتەوە. وێڕای ئەمەش، دامەزراوە ئەمنییەکان و ڕەوتە سیاسییەکانی دیکەش هەر یەکەیان بەدوای پێشینە و تێبینییە تایبەتەکانی خۆیاندا دەگەڕێن.

وا دیارە چارەنووسی پرۆسەی ئاشتی زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بە بڕیاری پەرلەمانی تورکیاوە بەستراوەتەوە. بزووتنەوەی کوردی کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری بە بڕیارێک دەزانێت کە پاشگەزبوونەوەی بۆ نییە، بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا حکوومەتی تورکیاش ئامادە دەبێت بە پەسەندکردنی چوارچێوەیەکی یاسایی بەردەوام، سیستمی ئەمنی و تایبەتی بەسەر چەندین دەیەی ڕابردوو وەلابنێت و قۆناغێکی نوێ لە چارەسەری سیاسیی پرسی کورد دەست پێبکات یاخود نا.

News ID 227609

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha