بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بارەگای بارزانی، ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پەیوەست بە کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسی مووچە و بوودجە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی پارتی بۆ وەرگرتنی هەڵوێستی پێویست کۆ بوویەوە.
بارەگای بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، هەر ئەمڕۆ د.فواد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق (لە پشتکی پارتی) دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراقی گەڕاوەتەوە کوردستان و بە مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕاگەیاندووە کە لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان و حکوومەتی عێڕاقی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بەڵێنی ئەوەیان داوە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پرسی ناردنی مووچە و شاییستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکرێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لەسەر داوا و بەڵێنی ئەوان و لەپێناو بەردەوامبوونی گفتوگۆیێکی هێمنانە و ڕەچاوکردنی بارودۆخ و بەرژەوەندیی گشتی، پێمان باش بوو دوا دەرفەت بە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ لە بەغدا بدەین بۆ ئەوەی ڕێگەیێک بۆ کۆتایهێنان بەم کێشەیە بدۆزنەوە، و هەمیشە بروامان بەوە هەبووە کە ئەگەر ڕێگەی گفتوگۆ هەبێت ئێمەش پێمان باشە بە لەیەکتر تێگەیشتن کێشەکان چارەسەر بکەین.
Your Comment