بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیێکدا ڕەخنەی لە درێژەی داخرانی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان گرت و ڕایگەیاند: "گرنگە حکوومەتی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دەستبەجێ دەست بە کارەکانی بۆریی عێراق و تورکیا بکەنەوە".
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتیشی: "کاری سێ کۆمپانیای ئەمریکی بەهۆی داخستنی بۆرییەکەوە ڕاستەوخۆ زیانی بەرکەوتووە".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاوکات ڕاشیگەیاند: "بەردەوام داوامان لە هەموو لایەنەکان کردووە پرسەکان چارەسەر بکەن و دواخستنی تاوەکوو کاتێکی نادیار قبووڵ ناکەین."
لەبارەی زیانە ئابوورییەکانی عێراق لەدوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوت ئەو وتەبێژە باس لەوە دەکات کە: "داخستنی ئەو بۆرییە پێشکەوتنی ئابووریی عێراقی خنکاندووە و بووەتە هۆی لاوازبوونی بیزنیزی ئەمریکی و یارمەتیدانی بەهێزبوونی کاریگەریی ئێران."
Your Comment