بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە ڕوونکردنەوەیێکدا دەڵێت: هەندێک زانیاری ناڕاست لە ڕاپۆرتێکی "ئەلمۆنیتۆر"دا بڵاو کراوەتەوە، سەبارەت بەوەی سەرچاوە هەرێمایەتیەکان بە پێگەکەیان ڕاگەیاندووە، لەبارەی پێشنیازێک، کە وەزیری دەرەوەی تورکیا یان بەرپرسی هەواڵگری تورکیا پێشکەشیان کردووە، بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندەی گشتی هێزەکانمان.
هەسەدە لە درێژەدا دەشڵێت: "جەخت دەکەینەوە کە ئەم زانیاریانە ناڕاستن و نە سەرکردایەتی هێزەکانمان و نە هیچ شاندێک کە نوێنەرایەتی ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بکات لە دیدارەکانی لەگەڵ دیمەشق، هیچ پێشنیازێکی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنی تورکی لە هیچ لایەنێکەوە پێنەگەیشتووە.
ڕوونکردنەوەکەی ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە لە کاتێکدایە، پێگەی "ئەلمۆنیتۆر"ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە: تورکیا پێشنیازی کۆبوونەوەیێکی کردووە لە ئاستێکی باڵادا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی لە دیمەشق کە هاکان فیدان وەزیری دەرەوە یان ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری بەشدار دەبن، بەڵام کۆبوونەوەکە وابەستەی ئەنجامی دیداری شاندەکەی هەسەدە کراوە لەگەڵ حکومەتی دیمەشق.
Your Comment