دیدارێکی فراوان بۆ بەڕێوەبەرانی کەناڵ و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەگەڵ سەرۆکی هەرێم ڕێکخرا. منیش بە نوێنەرایەتیی تۆڕی میدیایی ڕووداو بەشدار بووم. لەوێ بارزانی باسی لە ڕێککەوتنیان لەگەڵ کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل کرد و گوتی: ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە زۆر گرنگترە لەوەی کە ئەمریکا بنکەی سەربازیی لە هەرێمدا هەبێ؛ ئەمریکا لە حاڵەتی مەترسیدا مەجبوورە کۆمپانیاکانی خۆی بپارێزێ…
ئەو کاتە ڕێکس تیلەرسۆن سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاکە بوو کە لەگەڵ دەستبەکاربوونی ترەمپ بووە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا. ئەو زاتە لە ۱۶ی ئۆکتۆبەردا، ڕاست و ڕەوان بە دۆگلاس سلێمانی باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدای گوتبوو کە تەنانەت وەڵامی تەلەفۆنەکانی بارزانیش نەدەنەوە! تەبعەن دواتریش زۆر بە ئەدەبەوە بە بارزانییان گوت کە دەبێ بکشێتەوە!
ئێستاش بارزانیی کوڕ لە سەر ڕێچکەی باوکی باس لە هاوپەیمانیەتی ستراتیژی لەگەڵ ئەمریکا دەکات. بە دەیان ملیۆن دۆلار پارەیان خەرج کردووە بۆ ئەوەی یەک دوو وەزیر و کۆنگرێسمانی بێکەڵک ببینێ، دڵی دابمرکێ و لەسەر بەتانییێکی تەحالوف عەقدی ۱۰۰ملیار دۆلاری و دابین کردنی کارەبا بۆ وڵاتانی دراوسێی عێراق لەگەڵ کۆمپانیایێک (کە ژمارەی کارمەندەکانی ۵۱ بۆ ۲۰۰ کەسە) ئیمزا بکات!
ئەم تەخشان و پەخشانکردنەی پارەی میللەت بە ناوی سەفەری مێژوویی و گرێبەستی ستراتیژی هیچ نییە جگە لەوەی کە مەسروور بارزانی دەیەوێ وا خۆی پێشان بدات ئەوێش لە گۆڕەپانەکەدایە؛ نێچیرڤان بارزانی لەم ماوەیەی دواییدا لە ڕووی دیپلۆماسییەوە، سنوورەکانی سەرۆکی هەرێمێکی بچووکی بەزاندووە. ئەوەش بوەتە جێی ئیرەیی و مەسروور بارزانی هەوڵ دەدات بەو هاشوهوشە هەم تەرکیز لەسەر فەشەلی خۆی و حکوومەتەکەی لابەرێت و هەمیش بە حیسابی خۆی وەک سەرۆک و ڕزگارکەر دەربکەوێ.
Your Comment