بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وهزارهتی دهرهوهی ئێران لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە: فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق ئهمڕۆ لەگەڵ عهباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەی لە پەراوێزی بەشداری کردنی لە کۆڕبەندی وتوێژی تاران، ڕێگهکانی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پشتیوانی کردن لە پڕۆسەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لە تاران وتوێژیان کرد.
ئاماژه بهوهش كراوه، لە میانی دیدارەکەدا هەردوولا ئاسۆی پەرەپێدانی هاریکاری دوقۆڵی نێوان عێراق و ئێران و ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی سەقامگیری ناوچەکە و کۆمەڵێک بابەتی جێی بایەخی هاوبەشیان تاوتوێ کرد.
فوئاد حوسێن جەختی لەوەکردەوە کە "پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران لەسەر بنەمای مێژویی و جوگرافیای تۆکمە دامەزراوە"، جەختی لەسەر پابەندبوونی بەغدا بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکان لە بوارەکانی ئاسایش، ئابووری و وزە بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنایی ئاستەنگەکانی ئێستای ناوچەکەدا کردەوە.
ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە گرنگی کاراکردنی کاری لیژنە هاوبەشەکانی نێوان هەردو وڵات کرد، کە باس لە کاریگەرییەکانی سزاکان لەسەر دابینکردنی غازی ئێران بۆ عێراق کرد.
له ڕاگهیهندراوهكهدا هاتووه، وەزیری دهرهوهی عێراق پشتیوانی بهغدا بۆ پڕۆسەی دیپلۆماسی بەردەوامی نێوان تاران و واشنتن دووپات کردەوە و بە "ڕێگایێکی گرنگ بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچەکە" وەسفی کرد، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە لە سەردانەکەی ئەو دواییەیدا بۆ واشنتن ئەم بابەتەی تاوتوێ کردوە، لەوێ جەختی لەسەر پێویستی گۆڕینی دانوستانەکان کردوەتەوە بۆ دەرئەنجامی بەرجەستە و پراکتیکی کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلانی ناوچەکە بکات.
لایخۆیەوە عەباس عێراقچی پێزانینی خۆی بۆ بەشداری چالاکانەی عێراق لە کۆڕبەندی وتوێژی تاران دەربڕی و ئامادەیی ئێرانی بۆ درێژەدان بە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەمریکا دووپات کردەوە و ڕۆڵی عێراقی لە ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ دیپلۆماسی ستایش کرد.
ئهوهش هاتووه، هەروەها لە دیدارەکەدا باس لە پێشهاتەکانی قەیرانەکانی ناوچەکە کرا، فوئاد حوسێن جەختی لە گرنگی گرتنەبەری چارەسەری سیاسی هەمەلایەنە کردەوە کە ڕێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەت مسۆگەر بکات و کۆتایی بە ئازارەکانی مرۆڤ لە ناوچەکەدا بهێنێت.
Your Comment