بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماڵپەری دراو میدیا بڵاوی کردۆتەوە کە بە گوێرەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە: دانوستانی نێوان ئیسرائیل و ئیدارەی نوێی سووریا لە ئازەربایجان بەڕێوەچووە، لیوا (عودید باسیوک) سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی سوپای ئیسرائیل چاوی بە نوێنەری حکوومەتی سووریا کەوتووە بە ئامادەیی بەرپرسانی تورکیا.
هەفتەی ڕابردوو ئەحمەد شەرعی سەرۆکی کاتیی سووریا وتی حکوومەتەکەی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ دەکات لەگەڵ ئیسرائیل بۆ کۆتایهێنان بە هێرشەکانی لەناو خاکی سووریا؛ تائێستا دیمەشق هیچ قسەیێکی لەبارەی ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنی ئیسرائیلی نەکردووە.
سەرچاوەکە باسی لەو بابەتانە نەکرد کە لە ئازەربایجان گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە، باسی لە نێوەندگیرەکەش نەکرد، بەڵام کەناڵی 12ی ئیسرائیل یەکەم میدیا بوو کە ئەم بابەتەی بڵاو کردەوە.
ئەم هەفتەیە ترەمپ چاوی بە ئەحمەد شەرع کەوت، کۆشکی سپی ڕایگەیاند ترەمپ؛ شەرعی هان داوە بۆ ئەوەی پەیوەندیی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە و تیرۆرستانی بیانی و هەروەها فەلەستینییەکان لە سووریا دەربکات و یارمەتی ئەمریکا بدات بۆ ڕێگری کردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش.
Your Comment