سەرۆکی ئەنەکەسە جەخت لە فرەنەتەوە بوونی سووریای نوێ دەکاتەوە

سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد  لە کۆبوونەوەی لەگەڵ مەترانی سریانی ئۆرتۆدۆکسی جەزیرە و فورات لە حەسەکە رایگەیاند، "دەبێت سووریای نوێ فرە نەتەوە بێت."

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندێکی لقی رۆژهەڵاتی حەسەکەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا بە سەرۆکایەتیی محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەن سەردانی مەتران مار مۆریس عەمسیحی، مەترانی جەزیرە و فوراتی سریانی ئۆرتۆدۆکسی کرد.

ئەنەکەسە رایگەیاند، محەممەد ئیسماعیل باسی دیدگای سیاسیی ئەنجوومەنی کوردی بۆ داهاتووی سووریا کرد و جەختی لەسەر "پێویستیی پاراستنی پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لەنێوان پێکهاتەکانی ناوچەکە کردەوە" و ئاماژەی بەوەدا، پێکهاتەکان تەواوکەری یەکترن و پێویستیان بە یەکدی هەیە.

محەممەد ئیسماعیل ئاماژەی بە مێژووی هاوبەشی نێوان پێکهاتەکانی ناوچەکە کرد و رایگەیاند، "هەندێک سیاسەت بەستەڵەکی لە نێوان پێکهاتەکان دروستکردووە. ئێمە هەوڵدەدەین ئەم بەستەڵەکە بشکێنین".

سەرۆکی ئەنجوومەنی کوردی گوتی: "رژێم سامانی ناوچەکانی ئێمەی دەدزی و گەلانی ناوچەکەی برسی دەکرد، ئێستاش سەرەڕای بوونی هەندێک ترس لەلای هاووڵاتییان، گەشبینین بە داهاتوو".

سەرۆکی ئەنەکەسە داوای کرد: "دەبێت سووریای داهاتوو مەدەنی بێت، فرەنەتەوە و فرەئایین و فرە تایەفە بێت و لایەنگیری نەکات لەهەمبەر هیچ ئایینێک".

بە گوێرەی راگەیاندنی ئەنەکەسە، مەتران مار مۆریس عەمسیحی ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی سریانی و گەلی کورد کرد و جەختی لەسەر پێویستیی گەیشتن بە دەوڵەتێکی مەدەنی کردەوە کە هەموو سوورییەکان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە لەخۆ بگرێت.

مەتران گوتوویەتی: "ئێمە بە سەدان ساڵە وەک برا پێکەوە دەژین و سیاسەتە جیاوازەکان نەیانتوانیوە فیتنە لەنێوانماندا دروست بکەن".

News Code 224864

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha