بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئایشەگول دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی پارتەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ڕایگەیاند، پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان گەیشتووەتە قەندیل، ئەورووپا و هەم باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا و بەرپرسانی پەیوەندیدار.
گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوەدا پرسی کورد تەنیا تایبەت نییە بە تورکیا، بەڵکوو پرسێکی هەرێمی و نێودەوڵەتییە. گوتیشی: "رێککەوتنی ناوخۆیی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد زۆر گرنگە و ئێمە بە بناخەیێکی زۆر گرنگ دەیبینین. ئێمە بەو دیدارە زۆر دڵخۆشین".
سەبارەت بە نامەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە میدیاکانەوە باسدەکرێت، گوتەبێژی دەم پارتی گوتی: "نامەیەک بۆ بەرپرسانی کەجەکە لە قەندیل، نامەیێکیش گەیێندراوەتە هەسەدە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، نامەیێکیش گەیێندراوەتە ئەورووپا و بە کەجەدەکە-ئە و کەنەکە دراوە".
گوتەبێژی دەم پارتی هەروەها جەختی کردەوە کە جگە لەوە شاندە، هیچ تەماسێکی دیکەیان لەگەڵ ئۆجەلان نییە.
ئەوەش لە کاتێکدایە بە دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە و پێشوازی دەم پارتی هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستپێکردوە و شاندێکی دەم پارتی تا ئێستا دوو جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکەیان کردوە لە زیندانی ئیمراڵی و بڕیاریشە ئۆجەلان لە داهاتوویەکی نزیک پەیامێکی گرنگ لەبارەی ئاشتی بڵاو بکاتەوە.
Your Comment