کوردپرێس: ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەجید تەختڕەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی کۆ بووەوە و باسیان لە چەند پرسێک کرد؛ دواتریش کۆنگرەیێکی ڕۆژنامەڤانییان کرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە ڕۆژنامەڤانیەکەدا ڕایگەیاند، "ئێمە لە هەرێمی کوردستان بڕوامان وایە، پەیوەندیی بەهێز و هاوسەنگ لەنێوان عێراق و ئێران بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەکە زۆر پێویست و گرنگە".
نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەشی ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە، ئەوەش "لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و فراوانکردنی هاوکاریی هاوبەش لە هەموو بوارە جیاجیاکاندا؛ لە بواری ئابووری، بازرگانی و فەرهەنگی و ئەمنیدا".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان فاکتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت لە ناوچەکە، "بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆسەر وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی ئێران".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی گوتی، "لەگەڵ هەرێمی کوردستان هاوبەشییەکی زۆری کولتووری، ئایینی، زمانی و مێژووییمان هەیە؛ هەموو ئەمانەش هاوکاریمان دەکەن پەیوەندییەکانمان زیاتر لە جاران بەهێز بکەین".
رەوانچی گوتیشی، "ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاسایشی ئێمەیە، دەبێت دەست بخەینە دەستی یەکدی بۆئەوەی ئەو کێشە و گرفتانەی هەیە بتوانین چارەسەریان بکەین".
دەقی گوتەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
بە گەرمی بەخێرهاتنی بەڕێز ئاغای دکتۆر مەجید تهخت رهوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان دەکەم. جەخت لە گرنگيی پەیوەندیی مێژووییمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەینەوە کە لەسەر بنەمای دراوسێیەتیی باش و بەرژوەندیی هاوبەش دامەزراوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە هاوبەشێکی گرنگ بووە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ عێراق، پێزانینی خۆمان بۆ پشتگیرییەکانیان لە قۆناخە جیاجیاکاندا دەردەبڕین و سوپاسیان دەکەین.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان بڕوامان وایە کە پەیوەندیی بەهێز و هاوسەنگ لەنێوان عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچهکه، زۆر پێويست و گرنگە. عێراق و هەرێمی کوردستان هەمیشە هەوڵ دەدەن پەیوەندییەک لهگهڵ وڵاتانى دراوسێ به تايبهتى کۆمارى ئيسلامى بنیات بنێن لەسەر بنەمای رێز و بهرژهوهنديى هاوبهش و هاوکاری لە هەموو بوارەکاندا.
جەخت لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەشی ئێران لهگهڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دهکهينهوە لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و فراوانکردنی هاوکاریی هاوبەش لە هەموو بوارە جیاجیاکاندا، لە بواری ئابووری و بازرگانی و فەرهەنگی و لە بواری ئەمنیدا.
دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان فاکتەری ئارامی و سەقامگیری دەبێت لە ناوچەکە و بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
لەم دیدارەدا جەختمان کردووەتەوە لەسەر بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی ئابووری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا و دووپاتمان کردووهتەوە لە پابەندبوونی خۆمان لە چوارچێوەی ئەو میکانيزمەی کە دانراوە لەڕووی ئەمنییەوە کە یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی بە هیچ شێوەیەک عێراق بەتایبەتی هەرێمی کوردستان نەبێتە سەرچاوەیەکی هەڕەشە بۆ ئاسایشی ئێران. دووبارە زۆر زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی جێگری جەنابی وەزیری دەرەوەی ئێران دەکەین کە ئەمە یەکەم جاریەتی تەشریف دەهێنێت بۆ هەرێمی کوردستان، زۆر بە خێر بێيت بە سەر چاو.
دەقی گوتەکانی مەجید تەخت رەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان، زۆر دڵخۆشم لەوەی کە ئەمڕۆ دەرفەتێک دروست بوو و ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم لە هەرێمی کوردستانی عێراق. من بۆ گفتوگۆی سیاسی کە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی عێراق هەمانە، دوێنێ سەردانی بەغدام کرد و دانوستانێکی زۆر باشمان لەگەڵ بەرپرسانی عێراقیدا هەبوو لە بوارە جیاوازەکاندا لەنێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ کە هاوبەشییەکی زۆرمان پێکەوە هەیە، هەروەها پرسێکی زۆر هەیە کە گفتوگۆی لەسەر بکەین و ئەو روانگە باشانەی کە لە بەغدا هەبوون.
ئەمڕۆ بەیانیش لە هەولێرم و گفتوگۆی باشمان هەبوو لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بەڕێزان مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی و ئێستاش لە خزمەت بەڕێز نێچیرڤان بارزانی-دام و زۆر سوپاسی پێشوازیکردنی گەرمی ئەوان لە ئێمە دەکەین.
زۆر بواری باش ئەمڕۆ گفتوگۆمان لەسەر کرد وەک دوو وڵات، وڵاتانی دراوسێ عێراق و ئێران، هەروەک رامگەیاند هاوبەشییەکی زۆرمان پێکەوە هەیە و لەگەڵ هەرێمی کوردستانیشدا بە هەمان شێوە هاوبەشییەکی زۆری کولتووری، ئایینی، زمانی، مێژوویی و شارستانیمان هەیە و هەموو ئەوانە هاوکاریمان دەکەن کە پەیوەندییەکانمان زیاتر لە جاران بەهێز بکەین، لە زۆر بواری جیاوازدا هاوکاریمان هەیە بەتایبەت لە بواری ئابووری و زۆر کاری دیکە دەتوانین ئەنجامی بدەین.
ئەمڕۆ لە گفتوگۆکانماندا لە هەولێر، بەتایبەتى باسمان لە پرسی ئابووری لەگەڵ وڵاتی دراوسێ کرد، هەروەها بە شێوەیەکی سروشتی ئێمەش هەر لەم چوارچێوەیەدا کارەکانمان بەردەوام دەبێت لە بواری گەشتیاری و ئەزموونی کار لەنێوان هەردوو حکوومەتدا. بواری زۆر باش هەیە کە دەتوانین بەکاری بهێنین بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی گەلانی هەردوولا.
هەروەها بابەتی ئاسایشیش یەکێک لەو بابەتانە بوو کە گفتوگۆمان لەسەر کردووە و بەدواداچوونی بۆ دەکەین و پێمانوایە ئاسایشی عێراق ئاسایشی ئێمەیە. ئاسایشی هەرێمی کوردستانی عێراق ئاسایشی ئێمەیە و دەبێت دەست بدەینە دەستی یەکتری و ئەو کێشە و گرفتانەی کە هەیە بتوانین چارەسەری بکەین.
جارێکی دیکە سوپاسی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و بەرپرسانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئەو پێشوازییەی کە لە ئێمەیان کرد و هیوادارین کە ئەم گفتوگۆیانە بەردەوام بن.
Your Comment