بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە ئەنقەرە سەرکۆنەی دانانی قەییوم بۆ گەورەشارەوانیی وان لە کوردستانی تورکیا دەکەون و لەوبارەوە هاتیمئۆغوڵڵاری گوتی: ئەو پرسیارە ئاراستەی دەسەڵاتی تورکیا دەکەن کە "ئێوە ئەمڕۆ بە دانانی قەییوم بۆ وان دەتانەوێت چی بکەن؟ ئێوە ئەمڕۆ بە دانانی قەییوم بۆ وان، دەتانەوێت رێگریی لەو گفتوگۆیانە بکەن کە لەبارەی پرسی کورد دەستیانپێکردووە؟''.
هاوسەرۆکی دەم پارتی وتیشی: ''لە سەردەمێکی وەهادا کە باس لە پرۆسەی ئاشتی دەکرێت و گەل ئومێدی بەمە هەیە، ئامانجتان ئەوەیە کودەتا بەسەر پرۆسەی ئەم گفتوگۆیانەدا بکەن؟''.
هاتیئۆغوڵڵاری ئاماژەی بەوەش کرد: ''ئەگەر دەسەڵات پێیوایە تەنیا لەبەرئەوەی گفتۆگۆ لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەکرێت، دانانی قەییوم، دەستبەسەرکردن، هەڵکوتانە سەر بینای شارەوانی و بەکارهێنانی تووندوتیژی لە بەرامبەر خەڵک شتی ئاساییە، بەهەڵەدا چووە".
هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕاشیگەیاند، ئەوان ئامادەن پرۆسەی ئاشتی سەربخەن، بەڵام پێیانوایە، حکوومەتی تورکیا پێچەوانەی ئەوان مامەڵە دەکات؛ باسی لەوەش کرد: ''ساڵانێکە لەم خاکەدا گەورەترین باجمان لەپێناو چارەسەرکردنی پرسی کورد بەشێوەیێکی ئاشتی و دیموکراسییانە داوە".
هاتیمئۆغوڵڵاری داوای لە پارت و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا کرد، هەڵوێستیان لە بەرامبەر دانانی قەییوم بۆ شارەوانییەکانی دەم پارتی و جەهەپە هەبێت.
شایانی باسە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا پێشتر ڕایگەیاندبوو، عەبدوڵڵا زەیدان، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی وان بەتۆمەتی هاوکاریکردن و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە لەلایەن دادگەوە سزای ۳ ساڵ و ۹ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و لە کار دوورخرایەوە و ئۆزان باڵجی، پارێزگاری وان بەوەکالەت کرایە سەرۆکی شارەوانییەکە.
Your Comment