بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەبارەت بە دیدارەکە پەروین یووسف، هاوسەرۆکی پەیەدە بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: بە مەبەستی گوێگرتن لە پێشنیار و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان و داوای پشتگیری کردن دیدارەکەیان ڕێکخستووە، هەڵویستی خەڵکی هەرێم و قسەکانیان بە تایبەت ئەزموونی ۳۳ ساڵی ڕابردووی هەرێم دەکرێت بۆ ئێمە جێگەی سوود بێت، بۆیە هەموو هەڵسەنگاندنەکان لەو ئاستەدا بوون کە پێویستە کوردستانی سووریا بە تەنها نەمێنێت.
ناوبراو وتیشی کوردستانی سووریا لە قۆناغیکی هەستیار و دۆخێکی تایبەتدایە و بۆ ئەوەی مافی کورد لە سووریادا پارێزراوبێت ئەرکی هەموو کوردێکە پشتگیری بکەن، هەموو پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکانیان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی لە سووریا لامەرکەزی قبووڵ بکرێت فشاری نێودەوڵەتی پێویستە، چۆن هەرێمی کوردستان "هەمیشە پشتیوانی ڕۆژئاوا بوو ئەو پشتگیریە هەروا بەردەوام بێت."
پەروین یووسف وتیشی: "پێشنیارەکان زۆر گرنگ بوون بە تایبەت بۆئەوەی خواستەکانی گەلی کورد ڕوون بن لە سووریا پێشنیار ئەوە بوو کورد داوای فیدڕاڵی بکات، بە تایبەت ڕۆژئاوا هەرێمێکی فیدڕاڵ بێت، دووەم گەلی ڕۆژئاوا خاوەندارێتی لە دیدار و کۆبوونەوەی هاوبەش بکات و بە یەکێتی و یەکگرتووی بچینە شام و لەگەڵ دەسەڵاتی شام دانوستان بکەین، بۆیە کورد دەبێت یەکڕیزی خۆی بێت، باشوور لە ڕووی پاراستن و لەشکریەوە سوودی لێ وەرگرین، وە پێویستە بە چەکی خۆمان بەرگری لە گەلی سووریا بکەین، دەست لە چەک بەرنەدەین تا گەرەنتی مافەکانمان نەکەین لە ڕۆژئاوا."
دیدارەکە کە ماوەی ڕۆژێکی خایاند، جگە لە بەرپرسانی باڵای سیاسی نوخبەی هەرێمی کوردستان و هاوسەرۆکی پەیەدە، هاوکات مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕێگەی ڤیدیۆوە ڕاستەوخۆ پەیامێکی پێشکەش بە ئامادەبووانی دیدارەکە کرد و ڕایگەیاند: "ئامانجمانە سووریایێکی ئارام و دیموکراتیک پێکبهێنرێت، ۸۰ ساڵە کورد لە سووریا مافی زەوت دەکرێت، ئەمڕۆ دەرفەتێکی مەزن لەبەردەم گەلی کورددایە، بۆیە یەکڕیزی کوردان و تەبایی نێوماڵی کورد زۆر گرنگە."
لە کۆتایی دیدارەکەدا کۆمیتەی ئامادەکاری دیدارەکە لە ۱۶ خاڵدا ئەنجامی دیدارەکەی ڕاگەیاند، کە خۆی لە ۱۶ ڕاسپاردەی جیاواز لەلایەن هەرێمەوە بۆ کوردستانی سووریا و چەند داوکاریەک لە حکوومەتی هەرێم و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمدا دەبینێتەوە بە مەبەستی کارکردن لەسەر ئەو خاڵانە.
Your Comment