بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میدیای نەوەی نوێ بڵاوی کردەوە، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە ئۆفیسی تایبەتی سەرۆکی جووڵانەوەکە لە بەغداد کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و دۆخی سیاسی هەرێم و عێراق و دوایین پێشهاتە سیاسییەکان تاوتوێ کرا.
بە گوێرەی میدیای نەوەی نوێ، سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوە کرد کە ئەمساڵ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەنێردرێت و مەترسی لەسەر نییە، هەروەها باسی هەموو ئەو رێگری و کۆسپانە کرا کە لەبەردەم ناردنی مووچەدا هەیە و مانگانە دەبێتە هۆی دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆران.
هاوکات نووسینگەی سوودانی بڵاوی کردەوە: سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی نەوەی نوێ کۆ بووەوە و لە میانی دیدارەکەدا کۆمەڵێک دۆسیە لەسەر ئاستی نیشتمانی تاوتوێ کرا و سوودانی جەختی لە گرنگیی پاڵپشتی کردنی گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێم، دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان.
دەشڵێت، هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر جێبەجێ کردنی بەرنامەی حکوومەت، پاڵپشتیی هێزە سیاسییەکان بۆ حکوومەت لە تەواوکردنی ئامانجەکان، هەروەها گرنگی یەکخستنی کار لەنێوان حکوومەت و ئەنجومەنی نوێنەران، بەمەبەستی گەیشتن بە خواستەکانی هاوڵاتیان، و پێشخستنی گەشەپێدان و چاکسازی ئابووری و دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی عێراق.
Your Comment