بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسەوە ڕایگەیاند: "پێشوازی لە کۆبوونەوەی رۆژی ۱۶ـی کانوونی دووەمی نێوان مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەین".
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باس لە گرنگیی دیالۆگی کوردی-کوردی کردووە و دەڵێت "دەکرێت دیالۆگی کوردی-کوردی رۆڵێکی کارا لە بەهێزکردنی ڕاگوزەرێکی سیاسیی گشتگیر لە سووریادا بگێڕێت."
۱۶ی کانوونی دووەمی ۲۰۲۵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام پێشوازیی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد.
بارەگای بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لەو دیدارەدا، دۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا، هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا، تاوتوێ کرا".
رۆژێک دوای کۆبوونەوەکە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەبارەی کۆبوونەوەکە لە پۆستێکی ئێکس دا نووسی "کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆک مەسعوود بارزانی جێگەی دڵخۆشی بوو."
مەزڵووم عەبدی گوتیشی: "باسی ئەو گۆڕانکارییانەمان کرد کە سووریا پێیاندا تێدەپەڕێت و پێکەوە جەختمان لەوە کردەوە؛ پێویستە هەڵوێستی کورد لە سووریا یەک بێت و دەبێت ئەو دیالۆگەی لەگەڵ شام دەکرێت، بەشێوەیەکی ئاشتییانە مافی گەلی کورد بپارێزێت؛ هەروەها جەختمان لەوە کردەوە کە گرنگیی یەکێتیی کورد و ئارامیی ناوچەکە بەگشتی بەرپرسیارێتیی هەموومانە و پێکەوە هاوکار دەبین".
Your Comment