بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی ۱۴ـی کانوونی دووەم سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لایەنی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون لە بەرپرس و پەیوەندیداران لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شاندەکەی ئەمریکاش بە سەرۆکایەتیی جەنەراڵ کێڤن لێیهی، فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا بوو.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە تەوەری چاکسازی و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەدا، وێڕای خستنەڕووی دوا هەنگاوەکانی پڕۆسەکە، گرنگیی پڕۆسەکە و کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەمی دووپات کرانەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاندووە "سەبارەت بە جێبەجێ کردنی قۆناغەکانی داهاتوو، جەخت لە هاوکاری و هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەردوولا بە ئاراستەی سەرخستنی پرۆسەکە، کرایەوە".
دۆخی گشتیی ڕووداوەکانی، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بوو.
لەبارەی چاکسازییەکانی نێو هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی چەند جارێک هۆشداری داوەتە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەر چاکسازیی نەکرێ، هاوکارانییەکان ڕادەگرن.
هێزەکانی ئەمریکا لە رێگەی راوێژپێدان، مەشق پێکردن و توانادار کردن یارمەتیی پێشمەرگە دەدات و مانگانە نزیکەی ۲۰ تا ۲۵ ملیۆن دۆلار بۆ مووچەی لیوا هاوبەشەکان تەرخان دەکات.
۲۰ـی ئابی ۲۰۲۳، ماتیو مکفارلن، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانیدا لە هەولێر، گوتی، وەک پابەندییەک بە یاداشتی لێکگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن، پێویستە هەنگاوەکانی ئەنجامدانی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە خێرابکرێن، بۆ ئەوەش، هەنگاوی یەکەم دروستبوونی "ویستی سیاسی" سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانە بۆ دیاری کردنی وەزیرێک بۆ پێشمەرگە.
ئەیلوولی ساڵی ۲۰۲۲، وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن یاداشتی لێکگەیشتنی نێوانیان بۆ چوار ساڵی دیکە نوێکردەوە. بە گوێرەی رێککەوتنەکە، پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاکسازی لە بواری رێکخستن و دارایی پێشمەرگەدا بکات و لە بەرامبەر ئەوەدا، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی کردنی پێشمەرگە لە ڕووی دارایی و سەربازییەوە.
Your Comment