داعش پلان بۆ ڕزگار کردنی زیندانییەکانی خۆی دادەنێت

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات هۆشداری لە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا دەدات و رایدەگەیێنێت گرووپەکە پلان دادەنێت بۆئەوەی گرتووخانەکان بشکێنێت و ژمارەیەک لە زیندانییەکانی ڕزگار بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات  (SDF) لە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی The Sun بەریتانی دەڵێت: "نەک تەنیا داعش، بەڵکوو مەترسیی گرووپە جیهادییەکان بەردەوام دەبێت تاوەکوو ئەو کاتەی ئەو بنەمایانەی لەسەری دروستکراون تێکدەشکێندرێن." ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە "لە وووبەڕووبوونەوەیان بەردەوام بین."

مەزڵووم عەبدی باسی لەوە کرد، داعش هێشتا مەترسییەکی جیدییە لەسەر هەموو جیهان، نەک تەنیا سووریا. دەشڵێت، نزیکەی 60 هەزار چەکداری داعش و ئەندامانی خێزانەکانیان لە کەمپەکانی هۆل و ڕۆژ-دان.

بەگوێرەی میدیای بەریتانی، لەو چەکدارانەی داعش کە لە گرتووخانەکانی ژێر دەستی هەسەدە-دان، ئەمریکا 2000یانی بە "زۆر مەترسیدار" پۆلێن کردووە.

پلانی شکاندنی گرتووخانەکان

بەپێی گوتەکانی مەزڵووم عەبدی، پلانێکی شکاندنی گرتووخانەیەکیان شکستپێهێناوە و زانیاریی هەواڵگرییان هەیە داعش دەیەوێت ئەندام و چەکدارەکانی ڕزگار بکات. ئەو جەختی لەوەش کردەوە، "داعش هێشتا دەیەوێت یان پلان دادەنێت بۆ شکاندنی گرتووخانەکان". هەروەها، هۆشداریی ئەوەشی دا، ئەگەر داعش لەو هەوڵەیدا سەرکەوتوو بێت، ئەوا دەبێتە مەترسیی شەپۆلێکی گەورەی "تیرۆر" لە هەموو ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دەرەوەشیدا.

مەزڵووم عەبدی ئەوەشی خستەڕوو، "مەترسیی داعش لە کەمپەکان و گرتووخانەکاندا بەردەوامە لە زیادبوون و بەگشتی جووڵەیان زیادی کردووە. پێویستە هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ شەڕکردن دژی داعش، ئەگەر بمانەوێت رێگری لە سەرهەڵدانەوەیان بکەین."

لە گوتەکانیدا فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕوونیکردەوە، پێشتر چەند چەکدارێکی داعش لە زیندانەکانی ژێر دەستیان هەڵاتوون و چوونەتە نێو سوپای نیشتمانیی سووریا و دەستەی تەحریر شام. هۆشداریشی دا، ئەو گرووپانە دەکرێت زیندانییە داعشەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان ئازاد بکەن، بیانبەنە ڕیزەکانی خۆیانەوە و پلەی سەربازییان پێبدەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەبدی ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەوان (دەستەی تەحریر شام و سوپای نیشتمانیی سووریا) دەیانەوێت هەمان شت  لەم ناوچەیەش (کەمپ و گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە) بکەن. کاتێک باسی گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەکەن، ناڵێن ئەوانە چەکداری داعشن، بەڵکوو دەڵێن ئەوانە زیندانین. ئەوان هەوڵ دەدەن بڵێن، هیچ جیاوازییەک لەنێوان چەکدارانی داعش و زیندانییەکانی دیکە نییە، بەڵام لە ناوچەکانی ئێمەدا هیچ زیندانییەک نییە، ئەوەی هەیە چەکداری داعشن."

گەڕاندنەوەی چەکدارە بیانییەکانی داعش بۆ وڵاتانی خۆیان

فەرماندەی گشتیی هەسەدە بە پێویستی دەزانێت، بە زووترین کات چەکدارەکانی داعش و خێزانەکانیان بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان؛ ئەمە دوای ئەوەی لە دادگەیەکی نێودەوڵەتیدا دادگەیی دەکرێن و قوربانییەکانیش مافی خۆیان وەردەگرنەوە.

هەفتەی ڕابردوو سباستیان گۆرکا، راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ڕایگەیاند، هەر وڵاتێک دەیەوێت ببێتە "هاوپەیمانێکی جیدیی" ئەمریکا، پێویستە چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان لە سووریا بگەڕێنێتەوە.

هەروەها فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕەخنەی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا گرت کە وەکوو پێویست کاریان بۆ ئەو پرسە نەکردووە.

مەزڵووم عەبدی: ئەمریکا هاوکارمانە لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ تورکیا و سووریا

لە گوتەکانیدا عەبدی داوای لە واشنتن کرد هاوکارییان بکات لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنەکان، بۆئەوەی بتوانن داهاتووی کوردان و کەمینەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵیان فەراهەم بکەن.

ئەو دەڵێت، "دەزانین بارودۆخێکی نوێ لە سووریا هەیە و ئێمەش مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕاستیە نوێیەدا دەکەین. پێویستە سووریا یەکگرتوو بێت و هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە، سووریا نابێت دابەش بکرێت و پێویستە مافی هەموو کەمینەکان پارێزراو بێت."

ئاماژە بەوەش دەکات، ئەمریکا هاوکاریانە لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ تورکیا، دەستەی تەحریر شام و سوپای نیشتمانی سووریا، بۆئەوەی بتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن لەپێناو داهاتووی سووریا دا.

 

ڕۆژی 8ی کانوونی یەکەمی ڕابردوو، دەستەی تەحریر شام و گرووپە چەکدارەکانی دیکە سەرکەوتن لە ڕووخاندنی حکوومەتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە. دواتر، حکوومەتێکی کاتی تاوەکوو ئاداری ئەمساڵ لەو وڵاتە پێکهێندرا.

لە ڕووخاندنی حکوومەتی بەشار ئەسەدەوە، هێرشی سوپای نیشتمانی سووریا و تورکیا بۆ سەر کوردستانی سووریا، بەتایبەت نزیک بەنداوی تشرین و مەنبج زیادیان کردووە. سوپای نیشتمانیی سووریا بە گرووپێکی نزیک لە تورکیا دادەندرێت.

لەوبارەیەوە مەزڵووم عەبدی دەڵێت، پێویستە وڵاتانی ڕۆژئاوا گوشار بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانە بکەن.

News Code 224707

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha