بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆک وەزیرانى عێراق و ڕێبەرى باڵای کۆماری ئیسلامیى ئێران کۆ بوونەوە و باسیان لەبارەی پێشهاتەکانی ناوچەکە پێوەندییەکانی عێراق و ئێران و هەروەها هاوئاهەنگیی هەڵوێستەکانیان کرد لەبارەى سووریا و پاراستنى سەروەرى و یەکپارچەیی ئەو وڵاتە.
لای خۆیەوە نووسینگەى ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەى نێوان محەممەد شیاع سوودانى و ئایەتۆڵڵا خامنەیی، رێبەرى کۆماری ئیسلامیى ئێران لە تاران، هەردوولا جەختیان لە: "گرنگى زیادکردنى هاریکاری و هاوئاهەنگیی هەڵوێستەکانیان کردووەتەوە لە پێناو پاڵپشتیى ئاسایش و سەقامگیرى ناوچەکە و بەهێزکردنى دیالۆگى هەرێمى و نێودەوڵەتى و رۆڵ بینین لە پاراستن و یەکپارچەیی و سەروەریى سووریا."
بە گوێرەى ڕاگەیێندراوەکە، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە رۆڵى عێراق کراوە لە ناوچەکە. سوودانى ئاماژەى بەوەداوە کە ئەو دەستکەوتانەى بەهۆى قوربانیی عێراقییەکان و سەرکەوتنیان بەسەر تیرۆر بەدەست هاتوون لە سایەى هەوڵى هێزە ئەمنییەکان بووە بە هەموو پێکهاتە جیاوازەکانیانەوە.
سوودانى ئاماژەى بەوەداوە، "حکوومەتەکەى لە سۆنگەى بەرژەوەندیى باڵاى عێراقەوە کار دەکات؛ بەشێوەیەک کە پارێزگارى لە سەروەرییەکەى بکات.
Your Comment