بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ژەنەرال کاری نیسولا، جێگری سوپاسالاری سوپای فینلاند ڕایگەیاند، هێزی تایبەتی وڵاتاکەی کە ژمارەیان نزیکەی ۷۰ سەرباز بوو، کۆتایی بە ئەرکەکانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق هێنا و ڕۆژی یەکشەممە، ۲۹ـی کانوونی یەکەم گەڕاونەتەوە فینلاند.
ژەنەراڵ نیوسولا دەڵێت: "دەمەوێت سوپاسی ئەو سەربازانە بکەم کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەشداریان لەو ئەرکە سەربازییەدا کردووە و ئەو ئەرکەی ئێوە لەو دۆخە زەحمەتەدا کردووتانە، بەرهەمدار بووە و مایەی ستایش کردنە".
فینلاند لە ساڵی ۲۰۱۴ و لەگەڵ پێکهێنانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش بەسەرۆکایەتیی ئەمریکا، بووەتە ئەندام لەو هاوپەیمانێتییە و لە ئابی هەمان ساڵدا نزیکەی ۵۰ سەرباز و راوێژکاری ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کرد و مەشق و ڕاهێنانیان بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکرد.
بەگوێرەی سوپای فینلاند، لە ۱۰ ساڵی رابردوودا نزیکەی ۱۰۰۰ سەرباز بەشدارییان لە ئەرکە سەربازییەکەی سوپای فینلاند لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا کردووە و زۆربەی ئەوانەشی بەشدار بوون، سەربازی یەدەگی سوپا بوون.
ژەنەرال سامی ئانتی تاکاما، سوپاسالاری فینلاند رایگەیاند "کاریگەریی راهێنانەکانی فینلاندییەکان لە توانای ئەو هێزانە دەبینرێن کە مەشقیان پێکراوە، ئەمەش گرنگە بۆ ئاسایشی درێژمەودای ناوچەکە. زۆربەی پێشمەرگەکان هێشتا ئەو راهێنانەیان لەبیرە کە ئێمە پێمانکردن و هەموو جارێکیش کە دەمانبینن، ئەوەمان پێدەڵێن."
سوپای فینلاند رایگەیاندووە، هەرچەندە ئەرکە سەربازییەکەیان تەواو بووە، بەڵام لە هەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ هاوکاری و پتەوکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
Your Comment