مەرجی فەرماندەی SDF بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە سوپای سووریا

فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات رایده‌گه‌یه‌نێت، چه‌كه‌كانی ده‌ستی هه‌سه‌ده‌ چه‌كی سوپایه‌كی نیشتمانی سووریان كه‌ به‌رگری له‌ نیشتمان و هاوڵاتیانی سووریا ده‌كه‌ن".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مه‌زڵووم کۆبانی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت ڕایگه‌یاند: "له‌ ڕۆژی دووه‌می پرۆسه‌ی "ردع العدوان"وه‌، هه‌ماهه‌نگی مه‌یدانی هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی پرۆسه‌ سه‌ربازیه‌كان له‌ سووریا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هیچ دانوستانێكی ڕاسته‌وخۆمان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی ته‌حریری شام نیه‌".

فەرماندەی هەسەدە وتیشی: "ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ی له‌ رۆژی دووه‌مه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی ته‌حریری شام دروستبووه‌، بۆ خۆبه‌دوورگرتن بووه‌ له‌ به‌ریه‌ككه‌وتن له‌نێوان هێزه‌كانمان له‌ هه‌ندێک له‌ گه‌ڕه‌كی حه‌له‌ب، هه‌روه‌ها بۆ گواستنه‌وه‌ی ئاواره‌كان له‌ كه‌مپه‌كانی ناوچه‌ی ته‌ل ره‌فعه‌ت، كه‌ له‌لایه‌ن گرووپه‌كانی هاوپه‌یمانی توركیاوه‌ ڕووبه‌ڕووی هێرش بوونه‌وه‌، تائێستاش ئه‌و هه‌ماهه‌نگیه‌ به‌رده‌وامه‌".

ناوبراو ڕاشیگه‌یاندووه‌، "هۆشداری ده‌ده‌ین له‌ كاره‌ساتێک كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ شاری كۆبانی ده‌كات، له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی كۆكردنه‌وه‌ی هێز له‌لایه‌ن توركیاوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێشنیازمان كردووه‌ بۆئه‌وه‌ی ببێته‌ ناوچه‌یه‌كی له‌ چه‌ک داماڵراو، به‌ڵام تائێستا ئه‌نقه‌ره‌ وه‌ڵامی نه‌داوه‌ته‌وه‌".

مەزڵووم کۆبانی ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، "پێمانوایه‌ سووریا ده‌بێت ده‌وڵه‌تێكی نا ناوه‌ندی فره‌یی دیموكراتی بێت، ناسنامه‌ی ره‌نگاوره‌نگه‌كانی وڵاتی به‌ ده‌ستوور تیادا پارێزراوبێت، له‌گه‌ڵ مافی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان گه‌لی سووریا به‌ گه‌لی كوردیشه‌وه‌، شێوازی سیستمی حوكمڕانیش، كه‌ پێمانوایه‌ گفتوگۆی زۆری له‌سه‌ر ده‌كرێت، پرسێكه‌ بۆ ئیراده‌ی گه‌لی سووریا و گفتوگۆ ده‌ستورییه‌كان جێده‌هێڵرێت، هه‌روه‌ها گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ئاینده‌ی وڵاته‌كه‌مان پێوێسته‌ له‌ناوخۆماندا بێت به‌بێ‌ ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی و سه‌رپه‌رشتیكردن".

مه‌زڵووم عه‌بدی ده‌شڵێت، "ناوچه‌كانی ئیداره‌ی خۆسه‌ر خاكی سووریان، پێویسته‌ نوێنه‌ره‌كانی ڕۆڵ و ده‌نگێكی بیستراویان هه‌بێت و به‌شداربن له‌ بونیادنانی ئاینده‌، ئێمه‌ پابه‌ندین به‌ ئاینده‌یه‌ک كه‌ تیایدا داهاته‌كانی ده‌وڵه‌ت له‌ به‌رژه‌وه‌نده‌ی ته‌واوی سوورییه‌كان بێت، به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رو یه‌كسان، سه‌قامگیری و گه‌شه‌پێدان به‌ دیبهێنێت بۆ هه‌مووان، له‌گه‌ڵ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ له‌سه‌رده‌می ئه‌سه‌ددا په‌راوێزخراون".
کۆبانی باسی له‌وه‌ش كردووه‌، "سووریای ئاینده‌ ده‌بێت سوپایه‌كی نیشتمانی هه‌بێت به‌رگری له‌ نیشتمان و هاوڵاتیانی سووریا بكات، ئه‌م پرسه‌ هیچ ناكۆكییه‌كی له‌سه‌ر نیه‌، چه‌كی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتیش ده‌بێته‌ چه‌كی ئه‌و سوپا نیشتمانیه‌، بۆئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ به‌دیبێت، پێویسته‌ گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆ بكرێت بۆ گه‌یشتن به‌ چوارچێوه‌یه‌ک له‌باره‌ی چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرسه‌".

مه‌زڵووم عه‌بدی ئاشكراشی كردوه‌، "گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ توركیا ناراسته‌وخۆن، له‌ڕێی هاوبه‌شه‌كانمانه‌وه‌ ده‌كرێن له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، ئێمه‌ ده‌خوازین گفتوگۆكان راسته‌وخۆبن بۆ نه‌هێشتنی مه‌ترسیه‌كانی توركیا، به‌ڵام تا ئه‌م ساته‌ توركیا ئاماده‌یی پیشاننه‌داوه‌ بۆ دانوستانێكی له‌وشێوه‌یه‌".
سه‌باره‌ت به‌ بوونی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌سه‌ده‌ و په‌كه‌كه‌، مه‌زڵووم عه‌بدی رایگه‌یاندوه‌: "پێشتر جه‌ختمان كردوه‌ هه‌سه‌ده‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی رێكخستنی نیه‌ به‌ پارتی كرێكارانی كوردستانه‌وه‌، هه‌ندێک له‌ ئه‌ندامه‌كانی له‌گه‌ڵ كه‌سانی دیكه‌دا هاوكارییانكردن له‌ شه‌ڕه‌كه‌مان دژی داعش، به‌ڵام له‌گه‌ڵ راوه‌ستانی پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كان، ده‌گه‌ڕێنرێنه‌وه‌ بۆ شوێنی خۆیان".

له‌باره‌ی پێشمه‌رگه‌ی ڕۆژ، مه‌زڵووم عه‌بدی باسی له‌وه‌كردوه‌، "ئێمه‌ باس له‌ سوپای نیشتمانی سووریای و دانانی چه‌ک و تێكه‌ڵكردنی گرووپه‌كان ده‌كه‌ین له‌و سوپایه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامانی پێشمه‌رگه‌ی رۆژ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ نیشتمانی خۆیان پرسێكی ئاساییه‌ بۆ به‌شداری كردن له‌ بونیادنانی نیشتمانه‌كه‌یان".

سه‌باره‌ت به‌بۆچوونیشی له‌باره‌ی دیمه‌شقه‌وه‌، مه‌زڵووم عه‌بدی ده‌ڵێت، "به‌ دڵنیاییه‌وه‌ دیمه‌شق پایته‌ختمانه‌، سه‌ردانی ده‌كه‌ین هه‌ركاتێک دۆخه‌كه‌ گونجاو بێت".

News Code 224609

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha