بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیسماعیل بهقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران له كۆنگرهیهكی رۆژنانهوانیدا، ڕایگهیاند: "هەڵوێستی پرەنسیپی ئێمە سەبارەت بە سووریا زۆر ڕوونە، پاراستنی سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی سووریا گرنگه، بە مەرجێک خەڵکی سووریا بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی وێرانکەر بڕیار لە داهاتووی خۆیان بدەن".
بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد: "ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ بزووتنەوەکانی ئۆپۆزسیۆن لە سووریا لە پەیوەندیداین و ڕامانگەیاند کە هاتنە ناوەوەمان بۆ سووریا بۆ ڕێگری کردن بوو لە پێشڕەوی داعش و تەشەنەکردنی تیرۆر بۆ وڵاتانی دیکە لە ناوچەکەدا، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆمان بە دهسهڵاتدارانی ئێستای سووریا نییە".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دا لهوهی كه "نابێت سووریا ببێتە پەناگەیەکی سەلامەت بۆ تیرۆر" و وتی: "ئێمە لە کۆبوونەوە گشتیهكاندا لهگهڵ توركیا و وڵاتانی دیكه باسی نیگەرانییە فرەلایەنەکانمان دهكهین، پرسی سووریاش یەکێکە لەو پرسانەی کە لە کارنامەی دانوستانەکانی ئێران و تورکیادا بووە".
ئیسماعیل بهقایی ئهوهشی وت: "هەموو ئەو لایەنانەی پەیوەندییان بە سووریاوە هەیە و ئەو لایەنانەی پێیانوایە ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە پێشهاتەکانی سووریادا بەدڵنیاییەوە ڕێبازێکی هەمەلایەنەیان دەبێت سەبارەت بە داهاتووی سووریا، و پێموانییە تێڕوانینێکی هەڵبژێردراو یارمەتیدەر بێت، چوونکە ڕێزگرتن لە سەروەری نیشتمانی و یەکێتی سووریا پاکێجێکە و پێویستە بۆ هەموو پێکهاتەکانی سەروەری سووریا جێبەجێ بکرێت، هێشتا هەندێک لایەن هەندێک ناوچەی سووریایان داگیرکردووە".
بهقایی ڕوونیشی كردهوه، "ئەمریکا هێشتا هێزی سەربازیی خۆی لە سووریا هەیە و بە دڵنیاییەوە ئەم پرسە دەبێتە هۆی تێکدانی پرۆسەی پاراستنی یەکپارچەیی و سەروەریی نیشتمانیی سووریا و ئەم جۆرە پێشهاتانەش وا دەخوازن، کە ئەو وڵاتانەی نیگەرانی خۆیان لە داهاتووی سووریا دەردەبڕن، هەڵوێستی ڕوونیان هەبێت".
Your Comment