بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئایەتۆڵڵا خامنەیی راشیگەیاند، "گرووپێکی ئاژاوەچی بە هاوکاری و پلاندانانی حکوومەتە بیانییەکان توانیان کەڵک لە لاوازییە نێوخۆییەکانی سووریا وەربگرن و ئاژاوە لەو وڵاتە دروست بکەن و پلانەکەیان لە سووریا ئاژاوەی لێکەوتەوە و ئێستا ئەمریکا و رژێمی زایۆنی و هاوەڵەکانیان هەست بە سەرکەوتن دەکەن، وەک هاوەڵانی شەیتان دەستیانکردووە بە قسەی بێمانا".
ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتیشی: "قسەکانی بەرپرسێکی ئەمریکی کە دەڵێت یارمەتی و پاڵپشتی لە هەرکەسێک دەکەن، کە ئێران تێکدەدات، نموونەی زێدەڕۆیی دووژمنانە و پێدەچێت گەمژەکان بۆنی کەبابیان کردبێت، بەڵام خەڵکی ئێران ئەوانەی کە بەکرێگیراوی ئەمریکا قبووڵ دەکەن، دەخەنە ژێر پێیەکانیان".
ڕێبەری باڵای شۆڕش ئاماژەی بەوش کرد، ناوچەکە بە بوونی حیزبوڵڵا و حەماس و بەرەی مقاوەمە زیندوو و گەشەسەندووە، "بۆیە ئێوە سەرکەوتوو نین، بەڵکوو دۆڕاون".
ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران وتیشی، سووریا لەبەردەستی ئەو هێزانەی ئێستا نامێنێتەوە و دەڵێت: "بێگومان گەنجە سووریاییە بە پەرۆش و ئازاکان لەوێ دەرتان دەکەن".
ئایەتۆڵڵا خامنەیی راشیگەیاند،" کۆماری ئیسلامی هێزی بە وەکالەتی نییە. یەمەن، حیزبوڵڵا و حەماس شەڕ دەکەن، چوونکە باوەڕیان هەیە، باوەڕ و بەهێزی ئیمانیش ئەوانی گەیاندووەتە مەیدانی بەرخودان، نەک لەبەر ئەوەی پشتگیرییەکیان لەلایەن ئێمەوە هەبێت".
ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لەوە کردەوە کۆماری ئیسلامی پێویستی بە هێزی بە وەکالەت نییە، ئەگەر بیەوێت ڕۆژێک هەنگاوێک بنێت. گوتیشی: "پیاوە دڵسۆز و بەشەرەفەکان لە یەمەن، عێراق، لوبنان، فەلەستین و بە پشتیوانی خوا لە ئایندەیەکی نزیکدا لە سووریا، دژی دڕندەیی و تاوانکاری رژێمی ڕق و سەپێنراوی زایۆنیستی دەجەنگن و کۆماری ئیسلامیش خەبات دەکات و ئەم رژێمە لە ناوچەکە دوور دەخەینەوە".
ئایەتۆڵڵا خامنەیی گوتیشی: "داهاتووی ناوچەکە لە ئەمڕۆ باشتر دەبێت، پێشبینی دەکەین گرووپێکی بەهێز و شەرەفمەند لە سووریا سەرهەڵبدات، چوونکە ئەمڕۆ گەنجانی سووریا هیچ شتێکیان بۆ لە دەستدان نییە، قوتابخانە و زانکۆ و ماڵ و شەقامەکانیان ئاسایشی نییە، بۆیە دەبێت بەهێز بن و دەبێت جێبەجێکارانی ئاڵۆزییەکان بوەستن و بەسەریاندا زاڵ بن".
Your Comment