وتاری مامۆستا سەلاحەدین ئاشتی لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی خەڵاتی هەژار

ڕۆژی دووشەممە ۲۴ی سەرماوەزی ۱۴۰۳ی هەتاوی ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی خەڵاتی قەڵەمی هەژار لە زانستگای کوردستان بەڕێوەچوو و مامۆستا سەلاحەدین ئاشتی لەو ڕێوڕەسمەدا وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

کوردپرێس

دەقی وتاری مامۆستا سەلاحەددین ئاشتی، لە "ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی خەڵاتی قەڵەمی هەژار" زانستگای کوردستان، بەمشێوەیە:

بەناوی پەروەرندەی جیهان

گەنجت دەوێ؟ ڕەنجی دەوێ، وا هات، وا چوو

کێ گوڵ دەچنێ، دڕکی لە دەستی ڕاچوو

تا شانە نەبوو لەت‌لەت و جەرگی پارە

کەی دەستی بە کاکۆڵی جوانێک‌دا چوو؟

میوانانی خۆشەویست،

مامۆستایان و پسپۆڕان و شارەزایانی ئازیز، دیسانەوە بەخێر بێن سەر سەر و سەر چاوان.

وەکوو ئاشکرایە ئێستا لە نێو زۆربەی گەل و نەتەوەکانی دنیادا وا باوە، کە هەموو هەلێکی درەوشاوە دەخوازنەوە بۆ گەشە و پەرەی بیری مرۆڤ و ڕەخساندنی دەرفەتی خۆشبژیوی و شێوەیەک یەکسانی و  تێهەڵچوون بەرەو کەشکەلانی پێشکەوتن و برووسکانەوەی نیشتمان.

ڕەنگە دانانی کۆمەڵێک ناوەند و دامەزراوەی پسپۆڕانە بە مەبەستی هەڵسەنگاندن و نرخاندنی بەرهەم و شوێنەواری ئەندیشە و تێکۆشانی ڕێبوارانی سەرجەم ڕێبازەکان، یەکێک لەو هەنگاوە بەڕێ‌وجێیانە بێ، کە بتوانێ دەرگا و دەروازەیەک بەرەوڕووی بەرزەبیران‌دا بکاتەوە و لە مەودای ڕۆژگاردا هاندەری تێکڕای وەچەکان بێ، بەتایبەت وەچە و بەرەی چالاکی ئێستا و داهاتوو.

ئێمە دەزانین کە هیچ خەڵاتێک ناتوانێ مرۆڤی ژیر و زانا و خاوەن‌بیر و هونەرمەند ساز بکا! ناتوانێ مرۆڤ تێکبداتەوە و سەرلەنوێ دایبڕێژێتەوە، بەڵام ئەوەندەی دیارە، ئەوانەی بە بڕوای شارەزایان و پسپۆڕان دەگەنە لووتکە لە بواری خۆیان‌دا و شایانی خەڵاتن، هەم  ئەرکێکی زیاتر دەکەوێتە سەر شانیان و هەم ترووسکانەوەیان دەبێتە دنەدەری بیروردانی دیکە و شێلگیریان دەکا لەسەر درێژەی ڕێبازەکەیان.

زۆر بەداخەوە دەیان ساڵ دوای نەمانی دەسەڵاتی گەندەڵی پادشایەتی هەتا ئەمڕۆش هەلێکی ئاوا بۆ ئێمەی کورد نەڕەخساوە لە ئێران و ڕەوتێکی فەرامۆش کردن و سیاسەتێکی پەڕاوێزخستن لە ئارادا بووە، بەڵام وا دیارە و وا وێدەچێ بەپێی ئاڵ‌وگۆڕەکانی جیهان و هەڵگەڕانەوەی خێرای بارودۆخ و لاپەڕەکانی سەردەم، ئەنگووتنی تیشکەیەکی تێگەیشتن لە ئاسۆی بەخۆداچوونەوەدا، دەسەڵاتی ڕاهەژاندبێ و تووشی شێوەیەک قووڵبوونەوەی کردبێ. ڕەوتی سیاسەت وایە، ناکرێ هەڵە و خلیسکانی تێدا نەبێ، بەڵام ئەوەندەی دەزانم بە درێژایی مێژوو میللەتی کورد لە هەموو پارچەکان‌دا، زیاتر هەر نەوی و نەرمی کێشاوە و ئەوە دەسەڵاتداران بوون شەڕیان پێ فرۆشتوون، وەک چۆن هەر ئێستا لە سووریا وایە و تیرۆریستانی ژێرباڵ و پەروەردەی قوتابخانەی ڕوانگەتاریکی ئەردۆغان چی نەماوە دەرحەق کورد و کوردستان نەیکەن. هیوادارین کاروانی شەوپەرستان لە هیچ جێگایەک نەگاتە جێ و بەرەو نەمان مل بنێ. زەمان زەمانی خوێندنەوەی ئینسانە بەرامبەر بە ئینسان و هێنانە گۆڕی دین و ڕێچکەدین و توخم و تۆرەمە و زمان، بەتایبەت لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە نەک لێکترازانی زیاتری لێ پەیدا دەبێ، بەڵکوو وڵات پتر بەرەو هەڵدێران پاڵ پێوەدەنێ. ئەگەر لە وڵاتێک‌دا حکوومەت نەتەوەیەک بە پلە دوو دابنێ و یەکی کە بە پلە یەک، دەبێ بزانێ ئەو وڵاتە زیندانی گەلانە و سەرەنجامی زیندانیش داڕمانە.

لێرەدا دیسانیش دەچمەوە سەر ڕوانگە و ڕێبازی بەخوداچوونەوەی دەسەڵات، گەرچی زۆریش وەدرەنگ کەوتووە، بەڵام بە ئاواتەوەین بەرهەمی چاکی هەبێ. کورد دەڵێ: زەرەر لە نیوەش بگەڕێتەوە هەر چاکە، گەرچی لێرە لە نیوە‌ومیوەی تێپەڕیوە. بەڕاستی قەرەبوو‌کردنەوەی ڕابردووی تاڵ لە هەموو بوارەکان‌دا پێویستی بە ڕووڕاستییە، نەک ڕواڵەپەرستی، چونکە گوریسی ناڕاستی کورتە و ئاکامی نالەباری لێدەکەوێتەوە.

خۆشەویستان!

ئەو بەڕێزانەی فکری ئەم خەڵاتەیان هێناوە و گەڵاڵەیان بۆ داڕشتووە و پاشان پەیڕەویان بۆ نووسیوە و دەیان کۆبوونەوەیان بۆ ئەنجام داوە و کاریان لەسەر کردووە و لەگەڵ کۆسپەکان کەوتوونە ملانە و نەبەزیون، هیوایان بە گۆڕان بووە و وایان لێکداوەتەوە ناکرێ و ناتوانێ سیاسەتی فەرهەنگی هەروا بە چەقبەستوویی بڕوا و چەشنێک بێ‌بەشی بەشمان بێ. کام دام‌ودەزگای حکوومەتی ڕێی بۆ خۆش کردوون، بێ‌گومان ئەرکی خۆی بەجێ هێناوە و کەوتۆتە پاراستنی قازانج و بەرژەوەندییەکان لەم خاکە و لە دەرەوەی ئەم خاکەدا. بۆیە ئاواتەخوازین ئەوەی ئێستا وەدی هاتووە و ئێمە هاتووین پەردەی لەسەر لادەین و بە دنیای بناسێنین، دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی زانست و زانین بێ و هیچ پەردە و پەرژینێکی بە دەوری‌دا نەسووڕێتەوە. پێویستە ڕوون بێتەوە کە خەڵاتی قەڵەمی مامۆستا هەژار سەرباری ئەوەی سنوور ناناسێ، بۆ ئەم خولەی یەکەمەش زەمانی لە بەر نییە! بەڵێ ئەگەر ماوەیەکی دیاریکراو بۆ چاپ و بڵاوبوونەوەی کتێبەکان دیاری کرابا، بارستی هەناردنی بەرهەمەکان کەمتر دەبوویەوە و کارەکە هاسانتر دەبوو، بەڵام ئەنجومەنی باڵای بەڕێوەبردن بۆیە لێبڕا لە خولی یەکەم‌دا مەودای زەمانی بۆ کتێبەکان وەبەرچاو نەگرێ، تا هیچ‌کەسێک بە بەرهەمی درەوشاوەی نموونەوە بەش‌بڕاو نەبێ.

ئێمە پێمان خۆشە گەورەترین بیرمەندان و نووسەران و شاعیران و هونەروەرانی کوردستان لە سەرتاسەری دنیادا بە دەنگ بانگاوازەکەمانەوە بێن و ئەگەر بە لاشیانەوە پێویست نەبوو بەشداری کێ‌بەرکێ بن، با بە دڵخوازی خۆیان هەر میوانمان بن لە ڕێ‌وڕەسمی دابەش‌کردنی خەڵاتەکان‌دا و ئەم خەڵاتی شانازییە ئەوان بە ئێمەی ببەخشن.

دوا وتەم ئەوەیە، ڕەنگە هەبن بپرسن بۆ ڕاست خەڵاتی قەڵەمی هەژار؟ بۆ یەکی دیکە نا؟

هۆکار زۆرن، بەڵام لە هەمووان بەرچاوتر فرەلایەن بوونی قەڵەمی مامۆستایە. هەر لە شێعر و نووسینەوە بگرە تا لێکدانەوە و وەرگێڕان؛ هەر لە "بۆ کوردستان"ەوە بگرە تا چێشتی مجێور؛ هەر لە مەم و زینی ئەحمەدی خانیی پێشەنگەوە بگرە تا لێکدانەوەی شێعرەکانی مەلای جزیری؛ هەر لە شەرەفنامە و هەنبانەبۆرینەوە

بگرە تا قانوونی ئیبنی سینا و سەرەنجام لە قورئانەوە بگرە تا وەرددانەوەی بیر و فەلسەفەی خەییام، کە فەرموویەتی:

دەستم کە بڕۆیبایە خودائاسایی

گەردوونێ ترم دەخستە ڕوو سانایی

بەدبەختی بەشی نەزان و نامەردان با

دڵخۆشیم ئەدا بەرانبەری زانایی!

وتاری مامۆستا سەلاحەدین ئاشتی لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی خەڵاتی هەژار

News Code 224562

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha