دیمەشق لەلایەن نەیارانی ئەسەدەوە کونترۆڵ کرا
دوابەدوای پێشکەوتنی خێرا و ئاسانی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد، دوای گرتنەوەی شارەکانی حەلەب، حومس و دەرعا، ئەم گرووپانە ڕۆژی یەکشەممە بەکاتی سووریا بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی بەرنگارییەکی قورس هێزەکانی حکوومەت ببنەوە، چوونە ناو دیمەشقی پایتەختی سووریاوە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سووریا پێش ئەوەی ئۆپۆزسیۆن بچێتە ناو پایتەختەوە، وڵاتەکەی بەرەو شوێنێکی نادیار بەجێهێشتووە.
نەیارانی سەرۆک کۆماری سووریا بە سەرۆکایەتی هەیئەتی تەحریری شام و بە فەرماندەیی ئەحمەد ئەلشەرع ناسراو بە جۆلانی توانیان ۸۰% خاکی سووریا لە کەمتر لە ۱۰ ڕۆژدا بگرن و دواجار بە کەمترین ڕێژەی بەرگری و توندوتیژی دیمەشقیش بگرن.
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان:
ڕووداوەکانی سووریا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تێکڕای ناوچەکە هەیە
مهسعوود بارزانی له پهیامێكدا لهبارهی ڕووداوهكانی سووریا، باسی لهوه كردوه: "بە بایەخێکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە دەکەین کە لە سووریا ڕوو دەدەن، چوونکە ئەو پێشهات و ڕووداوانە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر چارەنووسی سیاسی و ئاسایش و سەقامگیریی سووریا و تێکڕای ناوچەکەمان هەیە".
بارزانی ئاماژهی بهوهش كردووه، "هیوادارین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا لە ئەنجامدا ببنە هۆی ئەوەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن ببێتە بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕەفتارێکی وائەنجام نەدرێت کە ناکۆکی و گرفتی نەتەوەیی و تایفی لەنێو پێکهاتەکانی سووریا قووڵ بکاتەوە".
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان:
دابەش نەکردنی مووچە، کار و کەسابەتی ڕۆژانەی ئیفلیج کردووە
فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، فەرمانبەران کە ژیان و بژێوی ماڵ و منداڵیان بە مووچەوە گرێدراوە، لە ئێستادا کە مانگی (كانونی یەكەم/۱۲)یە، هێشتا مووچەی هەردوو مانگی (تشرینی یەكەم/ ۱۰) و (تشرینی دوەم/۱۱)یان وەرنەگرتووە و کاریگەری تاڵ و قورسی لەسەر گوزەرانیان جێهێشتووە، هەروەها دابەش نەکردنی مووچە، بازاڕ و کار و کەسابەتی رۆژانەی ئیفلیج کردووە کە جارێکی تر زیانێکی قورسی بە کاسبکاران گەیاندوە.
Your Comment