دابەش نەکردنی مووچە، کار و کەسابەتی ڕۆژانەی ئیفلیج کردووە

فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، دواکەوتنی مووچە بۆ زیاتر لە ۶۳ رۆژ، شکستێکی دیكەی دەسەڵاتی حوکمڕانی هەرێمە لە پاڵ شکستەکانی تری.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، فەرمانبەران کە ژیان و بژێوی ماڵ و منداڵیان بە مووچەوە گرێدراوە، لە ئێستادا کە مانگی (كانونی یەكەم/۱۲)یە، هێشتا مووچەی هەردوو مانگی (تشرینی یەكەم/ ۱۰) و (تشرینی دوەم/۱۱)یان وەرنەگرتووە و کاریگەری تاڵ و قورسی لەسەر گوزەرانیان جێهێشتووە، هەروەها دابەش نەکردنی مووچە، بازاڕ و کار و کەسابەتی رۆژانەی ئیفلیج کردووە کە جارێکی تر زیانێکی قورسی بە کاسبکاران گەیاندوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، دەسەڵات لە بری ئەوەی خەمی ئەو قەیرانە قورسە دروستکراوە بخوات، ڕاگرتنی مووچەی خستۆتە ئەستۆی وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێڕاقەوە، بێ ئەوەی باسی ڕاستییەکانی دۆسییەی ڕادەست کردنی داهاتەکانی ناوخۆ و تانکەرەکانی نەوتی مەرزەکان و کێشەکانی ناو لیستی مووچە بکات، لەهەمانکاتدا وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ، بڕیارەکانی دادگای فیدڕالی پەرواێز خستووە و لەگەڵ حکوومەتی هەرێمدا، فەرمانبەرانیان کردۆتە سووتەمەنیی کێشە ئیدارییەکانی نێوان خۆیان .

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە: "لەو یارییە نابەرپرسانە قێزەونەدا، تەنیا فەرمانبەران و کاسبکاران باجی قورس دەدەن، وەک فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، داکۆکی سەرسەختانە لە مافی هاوڵاتیان دەکەین و هاوڕێ لەگەڵ فراکسیۆنی یەکگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی بەغدا، لە نزیکەوە بە دواداچوون بۆ ئەم دۆسیە سەرەکییە دەکەین".

ئەوەشی خستەڕو، "هەمو رێکارە یاسایی و پەرلەمانتارییەکان دەگرینە بەر بۆ سەندنەوەی مافی رەوای فەرمانبەران، هاوکات داوا لە فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین بەرەیەکی هاوبەش بۆ راستکردنەوەی دابەشکردنی موچە و گەڕاندنەوەی پاشەکەوت دروست بکەین".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، "پێویستە حکومەتی هەرێم لەم کۆتایی ساڵەدا بە داهاتی ناوخۆ، پارە نێردراوەکەی بەغدا پڕ بکاتەوە و زۆر بە خێرایی موچەی مانگەکانی (تشرینی یەكەم/ ۱۰) و (تشرینی دوەم/۱۱) و (كانونی یەكەم/۱۲) دابەش بکات، نەک وەک ساڵی ۲۰۲۳ موچەی سێ مانگ بخۆن و بیکەنە باو کە هەمو ساڵێک بە پاساوی نادروست و نالۆژیکی، موچەی مانگەکانی کۆتایی بێسەروشوێن بکرێت".

 فراکسیۆنی یەکگرتو باسی لەوەشكرد، لە ئیستادا دابەشکردنی موچە بە گرنگتر دەزانن لە سیناریۆ حزبییە لاوازەکانی دواخستنی پێکهێنانی سەرۆکایەتی پەرلەمان، کە ئەوەش قەیرانی تری، بۆ قەیرانەکانی هەرێم زیاد کردوە.

News Code 224480

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha