بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا تورکەکەی گوتی: ئێران و تورکیا لە بارەی ئاگربەست لە لوبنان و رێگری کردن لە پێشێل کردنی ئاگربەستەکە لەلایەن رژێمی زایۆنییەوە هاوڕان.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: ''هەروەها لەسەر پێویستیی کۆتاییهێنان بە دەستدرێژییەکانی رژێمی زایۆنی بۆ سەر گیان و ماڵی خەڵک و ژێرخانەکانی غەززە و هێنانە ئارای ئاگربەستێک لەوێ هاوڕاین".
عەباس عێراقچی داوای راگرتنی شەڕەی غەززە و کۆتاییهێنان بە پاڵپشتییەکانی سەربازیی ئەمریکا و رۆژئاوا بۆ ئیسرائیل کرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران، ئیسرائیل و ''دەستوەردانی دەرەکی'' بە هۆکاری گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زانی و ڕایگەیاند: ''ئێمە هەموو کات لەبارەی ئامانجی رژێمی زایۆنی بۆ دەستدرێژی و پەرەپێدانی شەڕ لە ناوچەکە هۆشداریمان دابوو.
عەباس عێراقیچی زیادی کرد: ''گرووپە چەکدارە پەڕگیرەکان پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ ئەمریکا و رژێمی زایۆنی هەیە و بە ئامانجی لابردنی تەرکیز لەسەر تاوانەکانی رژێمی زایۆنی لە فەلەستین و لوبنان و، قەرەبووکردنەوەی ئەو شکستەکان، هانی دروستکردنی نائارامییان لە سووریا داوە.''
عێراقچی ڕاشیگەیاند: ''گەڕانەوەی دووبارەی تیرۆریستان بۆ سووریا، ئاسایش، سەقامگیری و یەکپارچەیی وڵاتەکەی خستووەتە مەترسییەکی جدییەوە و بێگومان لێکەوتەکانی، هەموو وڵاتان، بەتایبەتی دراوسێکانی سووریا دەگرێتەوە.''
بەگوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، لەگەڵ هاکان فیدان خوێندنەوەیان بۆ رێکارەکانی رەخساندنی سەقامگیری لە سووریا و ناوچەکە کردووە، ''هاوڕا بووین کە دەبێ دەستکەوتەکانی پڕۆسەی ئەستانە بپارێزین و رێککەوتین کە دانیشتنی داهاتووی ئەستانە لە ئاستی وەزارەتەکانی دەرەوە، لە داهاتوویەکی نزیکدا بکرێت، پێمانوایە نابێت کارێک بکرێت کە گرفت بۆ بەردەوامیی پڕۆسەکە دروست ببێت".
عەباس عێراقچی هۆشداری دەدات و دەڵێت: ''نائارامکردنی سووریا شەڕی نێوخۆ، کوشتنی خەڵکی سڤیل، زیانگەیاندن بە ئابووریی خەڵک و ناوچەکەی لێدەکەوێتەوە و دەکرێت کاریگەرییەکانی، بگاتە وڵاتانی دراوسێش.''
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی، لەگەڵ تورکیا هاوڕان کە ''نابێت سووریا بکرێتە ناوەندێک بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان و پێویستە رێگری بکرێت لەوەی کە دووبارە ببێتەوە ناوچەیەکی ئەمن بۆیان.''
عەباس عێراقچی دووبارە پاڵپشتیی تەواوی ئێرانی بۆ حکوومەت و سوپای سووریا دەربڕی و وتی، ''پێویستە وەکوو وڵاتانی دراوسێ، هەنگاوی جدی و خێرا بۆ رێگریکردن لە تێکچوونی سەقامگیریی ئەمنی و سیاسیی سووریا بنێێن.''
وەک وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، ئێران سەبارەت بە دۆخی سووریا، لەگەڵ عێراق، میسر و سعودیاش گفتوگۆ دەکات، ''پێمانوایە گفتوگۆی ناوچەیی بۆ رێگریکردن لە قووڵبوونەوەی گرژییەکان زۆر پێویستە.''
لای خۆیەوە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوە کرد کە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران بیروڕایان سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی سووریا ئاڵوگۆڕ کردووە و، ڕایگەیاند: "هەڵە دەبێت لەم قۆناغەدا هەوڵبدرێت بە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی ڕووداوەکانی سووریا ڕوون بکرێتەوە. ئەمە پاناگەیەکە کە ئەوانەی نایانەوێت لە ڕاستییەکانی سووریا تێبگەن، پەنایان بۆ بردووە".
هاکان فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە قۆناغی ئاستانا دەستەبەری ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانە گەرم و چڕەکانی کردووە و رایگەیاند: "بەم شێوەیەش ئامانجمان پێشخستنی پەیوەندی ڕژیم بوو لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن لە بواری سیاسییدا".
گوتیشی: "لەم خاڵەدا هۆکاری سەرلەنوێ دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانە بەرفراوانەکان لە سووریا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی زیاتر لە ١٣ ساڵە ئەو کێشانەی لەم وڵاتەدا گرێدراوی یەکترن، چارەسەر نەکراون".
وەزیری دەرەوەی تورکیا فیدان، پشتگوێخستنی داواکارییە ڕەواکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و ڕاستگۆ نەبوونی ڕژێم لە پڕۆسەی سیاسیی بە "هەڵە" ناوزەند کرد.
فیدان تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هێرشی بەرفراوان بۆ سەر هاووڵاتیانی مەدەنی لە سووریا سەرلەنوێ ئاگری جەنگی ناوخۆیی تاوپێداوە و، دەیانجار هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانیان لەم بارەیەوە ئاگادار کردووەتەوە.
ناوبراو وتیشی: "جارێکی دیکە دوایین پێشهاتەکان دەریدەخەن کە پێویستە دیمەشق لەگەڵ گەلی خۆی و ئۆپۆزسیۆنی شەرعی بگاتە سازان. تورکیا ئامادەی هەموو هاوکارییەکی پێویستە لەم بارەیەوە".
هاکان فیدان ئەوەیشی خستەڕوو کە لەگەڵ ئێران بەردەوام دەبن لە هەماهەنگیی کە لە چوارچێوەی قۆناغی ئاستانادا کاری گرنگییان ئەنجامداوە و، گوتی: "ئێمە هەردەم پشتیوانیمان لە یەکپارچەیی خاکی سووریا و پاراستنی یەکێتی خاکەکەی کردووە. لەمەودواش پشتیوانی دەکەین".
ناوبراو ڕاشیگەیاند: "کاتێک لە کۆمەڵێک ڕووداوی ناخۆشی رابردوو دەڕوانین، هەندێک بابەت هەن کە نامانەوێت لە ئێستادا بیانبینین. بەتایبەتی ناخوازین جەنگی ناوخۆ (لە سووریا) زیاتر ڕوو لە هەڵکشان بکات. دووهەمیش نامانەوێت دووبارە کوشتنی هاووڵاتیانی مەدەنی، خاپوور کردنی ژێرخانی مەدەنی و بەقورسی بۆردومان کردنی شارەکان ببینین".
Your Comment