پارتی وەک هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن/ مەریوان وریا قانع

ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە لایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە راگەیەندران. تەزویر کرابێت یان نا، پێدەچێت ئەنجامەکان وەک خۆیان بمێنێتەوە و ئەو ژێرخانە بەناو یاساییەش دەستنیشانبکەن کە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوی هەرێمی لەسەر دروستدەکرێت.

هەمووان دەزانن کە بازنەکانی دەسەڵات لە هەرێمدا کورت نابێتەوە بۆ حکوومەتی هەرێم. لە دەرەوەی حکوومەتدا چەندان بازانەی شەخسیی و حیزبیی و نوخبەویی دەسەڵات هەن، کە هێزیان لە هێزی حکوومەت زیاتر نەبێت. بە هیچ مانایەک کەمتر نییە.

بەڵام ئەم دۆخە تا ئەم ساتەش لە مانا رەمزیی و سیاسییەکانی بوونی حکوومەتی هەرێمی کەم نەکردۆتەوە. ئەم حکوومەتە لە ئاستی یاسایی و بیرۆکراسییەکەدا، بە فەرمیی، نوێنەری زۆرینەی کۆمەڵگاکە دەکات و بەناوی ئەو زۆرینەشەوە حووکمدەکات. جگە لەوە دەسەڵاتی سەپاندن و جێبەچەکردنی بەشێکی زۆری بڕیارەکانی هەیە.

پرسیارەکە ئەوەیە ئایا زۆرینەی حومکران چییە و کێیە؟

هەموومان دەزانین کە دەنگەکانی پارتی و یەکێتی بەیەکەوە ئەو زۆرینە سیاسییەن کە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا دروستبووە. پارتی ٣٩ کورسی و یەکێتی ٢٣ کورسیی هەیە. بەیەکەوە دەتوانن زۆرینەیەکی پەرلەمانی دروستبکەن و لەسەر بنەمای ئەو زۆرینەیەش بەیەکەوە حکومەت پێکبهێنن. بەڵام دەکرێت هەشت سەرنج لەسەر ئەم زۆرینە پەرلەمانییە بخەینەروو.

یەکەم: زۆرینەی پەرلەمانی مانای زۆرینەی کۆمەڵایەتی ناگەیەنێت. ساڵانێکی درێژە یەکێتی  و پارتی نوێنەری زۆرایەتی دانیشتوانی هەرێمەکە نین. ئەوان لە ڕاستیدا بە یەکەوە نوێنەریەتی ٢٥ بۆ ٣٠% خەڵکی هەرێمەکە دەکەن. ساڵانێکە نزیکەی ٧٠% خەلکی کوردستان دەنگیان بەم دوو حیزبە نەداوە.

ئەو رێژەیە لە خەڵکی هەرێم کە لەم دواهەمین هەڵبژاردنەدا دەنگی نەداوە، ٤٥% دانیشتوانی هەرێمەکەیە. لەو ٤٥% نزیکەی ١٠% دەنگەکانیان سوتاندوە و یان سوتێنراوە. بەم مانایە ٥٥ لە سەدی خەڵی هەرێمەکە دەنگیان بە یەکێتی و پارتی و بە هیچ هێزێکی دیکەی ناو هەرێمەکە، نەداوە. لەو ٤٥% کە دەنگیان داوە، پارتی و یەکێتی بەسەریەکەوە ٦٢ کورسیان هێناوە، ٣٨ کورسی لە کۆی کورسییەکان بۆ هێزەکانی دەرەوەی ئەم دوو هێزە چووە، کە ئەمەش یەکسانە بە ٣٨% دەنگەکانی ئەو ٤٥% دەنگیانداوە. بە کورتییەکەی، کۆی دەنگدەرانی پارتی و یەکێتی بەرامبەر بە کۆی ئەوانەی لە هەرێمدا مافی دەنگدانیان هەیە دەکاتە نزیکەی %٢٨ کۆی دەنگدەران. ئەم دوو هێزە بە یەکەوە تەنها ٢٨% دەنگەدەرانی هەرێمەکەیان لەگەڵدایە. لەو ٢٨%، پارتی نوێنەرایەتی نزیکەی ١٨% و یەکێتی نوێنەرایەتی نزیکەی ١٠% دانیشتوانی هەرێمەکە دەکات. بەم مانایە هەم پارتی و هەم یەکێتی لە ئاستی هەرێم و دانیشتوانەکەیدا نوێنەرایەتی «کەمینەیەکی بچوکی دانیشتوانی» هەرێمەکە دەکەن، بەڵام لە ئاستی پەرلەماندا ئەو دوو کەمینەیە دەتوانن «زۆرینەیەکی پەرلەمانی» دروستبکەن.

دووهەم: مێژووی حومکڕانیی دونیای دوای ڕاپەڕین مێژووی حوکمڕانی ئەو «زۆرینە پەرلەمانی»ەییە کە پارتی و یەکێتی بەیەکەوە دروستیانکردوە، بە تایبەتی لە دوای کەوتنی رژێمەکەی سەدام حوسەینەوە. ئەم زۆرینەیە  چەندانجار تاقیکراوەەوە و دەرەنجامەکەشی ئەو دۆخە قەیراناوییە پر لە کارەساتی سیاسیی و ئابوریی و کۆمەلایەتیی و ژینگەیەیە کە ئەمرۆکە دروستبووە. ئەو زۆرینە پەرلەمانییەی ئەم دوو هێزە بەیەکەوە دروستیانکردوە لە سەرجەمی کێشە گەورەکانی ئەمرۆکەی کۆمەڵگاکە بەرپرسە.

سێهەم: لەدوای کەوتنی رژێمەکەی سەدام حوسەینەوە، پارتی بە کردەوە حوکمڕانی ژمارە یەکی هەرێمەکە بووە. ئەو زۆرینە پەرلەمانییەی پارتی و یەکێتی بەیەکەوە دروستیان دەکرد،  سەرجەمی دەسەڵاتە سەرەکییەکانی حومکڕانییەکەی بە کردەوە دەخستە ژێر دەسەڵاتی پارتییەوە. لەمەشدا «رێکەوتنی ستراتیژیی» و «مسۆگەرکردنی پێگەی سەرۆک کۆمار» بۆ تاڵەبانی لە بەغدا، ڕۆلی دەستنیشانکەری، بینیوە. ئەمەش وایکردوە لە دوای روخانی رژێمەکەی سەدام حسێنەوە، پارتی بەهۆی ئەو زۆرینە پەرلەمانییەوە کە بە هاریکاریی یەکێتی دروستیدەکرد، بە کردەوە ببێت بە تاقە حوکمرانیی راستەقینەی هەرێمەکە. هەموو ئەوانەی لەگەڵ پارتیدا چوونەتە ناو بازنەکانی حومکڕانییەکەوە، بە خودی یەکێتی خۆیەوە، وەک یاریکەری پلە دوو و پلە سێ و پلە چوار، لە وحوکمڕانییەدا بەشداربوون. لەناو پارتیشدا هەر سێ بارزانیەکە، مەسعود بارزانی و نێچیرەوان بارزانی و مەسرور بارزانی، دەسەڵتدارە خاوەن بڕیارەکان بوون، بێگومان لە دەرەوەی بوونی هیچ رکابەرێک و هیچ توانایەکی لێپرسینەوە و هیچ ویستێکی بەرپرسیارکردنیان. بۆیە بەشی هەرەزۆری ئەوەی لە هەرێمدا دروستکراوە، بە سەرجەمی قەیرانەکانی ناوییەوە، بە پلەی یەکەم پارتی و بازانە بچوکە دەسەڵاتدارەکەی، ناو پارتی لێی بەرپرسیارن.

چوارهەم: بەڵام ئەم هەڵبژاردنە، بە هەموو خراپییەکانییەوە، بۆ یەکەمجار ئەگەرێکی سیاسیی تازە دەخاتە بەردەمی هێزە سیاسییەکانی کوردستان، ئەگەری جیاکردنەوەی پارتی و یەکێتی لەیەکتری و رێگرتن لەوەی درێژە بە دروستکردنی «زۆرینەی پەرلەمانی» بدەن. شێوازی حوکمڕانیی پارتی، لە سایەی ئەو زۆرینە پەرلەمانییەی لەگەڵ یەکێتیدا دروستیدەکرد، جگە لە ڕەنجاندنی زۆرینەی هەرەزۆری کۆمەڵگاکە، هاوکات زۆرینەی هێزە سیاسییەکانیشی لەخۆی ڕەنجاندوە، بە خودی یەکێتی نیشتیمانی خۆیشییەوە. بێگومان ئەو دۆخەی لە سێ دەیەی لە رابردوودا لە کوردستاندا دروستکراوە سەرجەمی هێزە سیاسییەکانی کوردستان لێیبەرپرسیارن، بەڵام  بکەری سەرەکیی رووداوەکان، بە کردەوە، پارتی بووە. بۆیە بەشی شێری بەرپرسیاربوون لە دروستبوونی ئەو دۆخە ناهەموار و ترسناکەی هەرێمەکە، بەر پارتی دەکەوێت و پارتی ئەو هێزەیە پێویستە، بە پلەی یەکەم، ڕووبەڕووی لێپرسینەوە ببێت.

پێنجەم: هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەگەری ئەوە دەخاتە بەردەمی هێزەکانی دەرەوەی پارتی، بتوانن بەبێ پارتی زۆرینەیەکی پەرلەمانی دروستبکەن و حکومەت پێکبهێنن و پێگە سەرەکییەکانی حوکمڕانییەکە، بە شێوەیەکی نوێ دابەشبکەن. واتە ئەوان دەتوانن دۆخێکی سیاسیی دروستبکەن لەناویدا پارتی ناچاربکرێت، بۆ یەکەمجار لە مێژووی دوای راپەریندا، لە هێزێکی حوکمڕانەوە ببێت بە ئۆپۆزیسیۆن. ببێت بەهێزێک لانیکەم بۆ ٤ ساڵی داهاتوو بڕیارە سەرەکیی و گرنگەکان ئەو نەیدات. گەیشتن بەم دۆخە پێویستی بە نزیکبوونەوەی هێزەکانی دەرەوەی پارتی لەیەکتری هەیە بۆ ئەوەی بتوانن زۆرینەیەکی پەرلەمانی بەدەستبهێنن و بەبێ پارتی حوکمبکەن.

شەشەم: بە بۆچونی من ئەم گۆڕانکارییە ئەگەر رووبدات هەنگاوێکی سیاسیی تازە و گرنگە، کە دەتوانێت دۆخێکی سیاسیی تازە و فۆرمێک لە حوکمرانی جیاواز دروستبکات. ئەمەش لانیکەم دەتونێت کۆمەڵگاکە بخاتە ناو ئەزمونێکی سیاسیی تازەوە بتوانێت دەرگا لەسەر ئەگەری سیاسیی تازە بکاتەوە. هاوکات کۆمەڵکاکەش لەو پێکەوەنووسانە سیاسییە ناهاوسەنگەی پارتی و یەکێتی رزگاربکات، کە لە شەوەی جۆرێک لە قەدەرێکی حەتمیدا، لە سێ دەیەی رابردوودا حوکمی کردوە و ئەو هەموو کێشانەی بۆ خەڵک و کۆمەڵگاکە دروستکردوە.

حەوتەم: راستە پارتی براوەی یەکەمی ئەم هەڵبژاردنەیە و زۆرترین دەنگی بەشداربووانی هەڵبژاردنەکەی بەدەستهێناوە. ڕاستە ئەوان دەبێت هەوڵی یەکەمی دروستکردن و پێکهێنانی حکومەت و زۆرینەی پەرلەمانی بدەن. بەڵام ئەگەر هێزە سیاسییەکانی تر ئامادەنەبن زۆرینەی پەرلەمانی لەگەڵ پارتیدا دروستبکەن، ئەودەم هێزی دووهەم، کە یەکێتییە دەتوانێت ئەو هەوڵە بدات. لەم دۆخەدا بەخشینی هەلێک بە پارتی بۆئەوەی لەم خولەدا حوکمران نەبێت و ببێت بە هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن، دەبێت بە ئەگەرێکی راستەقینە. ئەمەش هەم بۆ شێوازی ململانێکردن لە هەرێمدا و هە بۆ دینامیکیەتی ناوەکی کایە سیاسییەکە و هەم بۆ دابین    کردنی شتێک لە گۆڕانکاریی، ئەگەرچی کەم و سنوورداریش بێت، هەنگاوێکی گرنگە.

هەشتەم: ئەوەی کە هێزێک بە زۆرینەی دەنگەکانی هەڵبژاردنەوە نەتوانێت زۆرینەی پەرلەمانی و حکومەت دروستبکات و هێزەکانی تر نەیانەوێت لەگەڵیدا ئەم زۆرینەیە پێکبهێنن، لە زیاد لە ئەزمونێکی سیاسیی ولاتانی دونیادا روویداوە و رووئەدات.

لە بەلجیکا زۆرجار براوەی هەڵبژاردنەکان هێزێکە بەناوی «فلامس بلۆک»ەوە، بەڵام چونکە هێزەکانی تر نایانەوێت لەگەڵیدا بەشداربن لە دروستکردنی زۆرینەی پەرلەمانی و دروستکردنی حکومەتدا، بۆیە ساڵانێکە، سەرەڕای بردنەوەی هەڵبژاردنەکان، وەک هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن دەمێنێتەوە و کاردەکات. هەمانشت لە دواهەمین هەڵبژاردنی فەرەنساشدا روویدا، هێزەکانی تری ئەو وڵاتە بڕیاریاندا لەگەڵ پارتەکەی ماری لۆپىن دا کارنەکەن، ئەگەرچی ئەو پارتە هەڵبژاردنەکانی بردەوە و زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا.

هەوڵدان بۆ کردنی پارتی بە ئۆپۆزیسیۆن هەوڵدانێکی سیاسیی تەندروستە و ئەگەرێکە قابیلی تاقیکردنەوەیە.

News Code 224325

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha