بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی یەکشەممە، ۳ى تشرینى دووەم، دوایین رۆژى پێشکێش کردنى تانەکان بوو لەسەر ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، ۴۱ تانە پێشکێش بە کۆمیسیۆن کراون، زۆرینەیان لە سنوورى بازنەى سلێمانى بووە کە ۲۵ تانە بووە، لە هەولێر ۱۲ تانە، لە دهۆک سێ تانە و لە هەڵەبجە تەنیا یەک تانە پێشکێش کراوە.
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بەگوێرەى یاسا، لە حەوت رۆژ دا کۆمیسیۆن وەڵامى ئەو تانانە ئامادە دەکات و دەینێرێت بۆ دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن.
لە مادەى ۲۰ى یاساى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دا هاتووە، لایەنە سیاسییەکان دەتوانن سێ رۆژ دواى راگەیاندنى ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردن، تانەکانیان پێشکێش بکەن و ئەنجوومەنى کۆمیسیاران دەبێت وەڵامى ئەو تانانە بداتەوە لە ماوەیەک کە لە حەوت رۆژ تێپەڕ نەبێت.
جومانە غەلاى گوتى: "دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن لە ماوەى ۱۰ رۆژ لە وەڵامەکانى کۆمیسیۆن بڕیار لە تانەکان دەدات."
۳۰ى تشرینى یەکەم، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى بڵاوکردەوە، دوای ئەوەى لە ۲۱ ى هەمان مانگ ئەنجامى بەرایی ئەو هەڵبژاردنەى ڕاگەیاند.
هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە ۲۰ى تشرینى یەکەم ئەنجامدرا، پارتى لە ریزبەندى یەکەم بوو بە بەدەستهێنانى ۳۹ کورسی و یەکێتى بە ۲۳ کورسی لە ریزبەندى دووەم بوو.
Your Comment