ئەو شێوازە حکومڕانیە کە لە هەرێمی کوردستان هەیە، مۆدێلەکەی بەسەرچووە

ئه‌ندامی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی کوردستان ڕایگه‌یاند، ئەو شێوازە حکومڕانیە کە لە هەرێمی کوردستان هەیە، مۆدێلەکەی بەسەرچووە، یەکێتی و پارتیش دەرفەتی زۆریان پێدرا لە نۆ کابینەی ڕابردوودا تاقیکرانەوە کەچی بارودۆخە خراپتربوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عومه‌ر گوڵپی بە خه‌ندانی ڕاگەیاندووە: حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان دڵی خەڵکی لەگەڵ نەماوە، ئەوەی ماوەتەوە کەوتوەتە سەر دوو شت، یەکەمیان هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بێت، دووەم ئەوەیە خەڵکی بەشداری هەڵبژاردنەکە بکەن، ئەگەر ئه‌و دوو خاڵه‌ بێنه‌دی، ئەو مۆدێلە حکومڕانیەی یەکێتی و پارتی لە شانۆی سیاسی هەرێمی کوردستاندا نامێنن.

ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێتی و پارتی دەرفەتی زۆریان پێدرا، ۹ کابینەی ڕابردوو هەموو شتێک بوون و لە هەموو قۆناغەکانیشدا تاقی کرانەوە، قۆناغێک هێشتا سەدام نەڕووخابوو کە بەئێش بوو چونوکە  بەشێکی لە شەڕی ناوخۆدابوو، قۆناغی دواتر کە سەدام ڕووخا لە نێوان ۲۰۰۳ بۆ ۲۰۱۳ بە ملیارەها دۆلار کە لەنێوان ۷۰ بۆ ۱۰۰ ملیار دۆلار دەبوو لە بەغداوە هاتە هەرێمی کوردستان، کە دەتواندرا بەرد بە بەردی کورستان لە بناغەوە دروست بکرێتەوە، کەچی نەکرا و ئێستا خەڵکی چەمچەماڵ و هەولێر ئاوی خواردنەوەیان نییە و ئەو پارانەی کە بەغدا ناردی نەچوونە خەزێنەی گشتیەوە، بەڵکوو چوونە خەزێنەی یەکێتی و پارتیەوە.

عومەر کوڵپی باسی لەوەشکرد، لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستاندا پێنج هەوڵ هەبوون بۆ پرساندنی بەپرسانی حکوومەت کە سیانیان چوونە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ سەرۆکی حکوومەت و جێگرەکەی و وەزیری دارایی، بەڵام ئەوان پێیان عەیب بوو بێنە بەردەم پەرلەمان و نوێنەرەکانیان، لەبەرامبەردا وەڵامەکانیان بە نووسراوێک نارد کە سەرۆکایەتی پەرلەمان لە دانیشتنەکاندا خوێندیانەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، یەکێتی ڕەنگە لە وردەکاریدا لەگەڵ پارتی جیاوازبێت، بەڵام کاتێک کە ڕێگری لە سەرۆکی پەرلەمان کرا ئەوان هەڵوێستیان نەبوو، بەهەمانشێوە کاتێک لە ساڵی ۲۰۲۲ کە تەمەنی یاسایی پەرلەمان کۆتایی هات، سەرۆکی پەرلەمان کە لەو حزبەیە پێداگری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەکرد، بەڵکوو لەگەڵ پارتی و گۆڕان و پێکهاتەکان یاسایەکیان هێنا و تەمەنی پەرلەمانیان درێژکردەوە.

News Code 224095

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha