بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نەبەز ڕەشاد، پەیامنێری ماڵپەڕێکی سەر بە باڵێکی یەکێتی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردەوە، بێ ئەوەی کەسوکاری شەهیدانی قەڵەم (ڕۆژنامەنووسان) ئامادەییان هەبێت، مۆنۆمێنتی حەقیقەت لە سلێمانی کرایەوە!
ناوبراو ڕوونیشی کردەوە: "قوباد تاڵەبانی دەڵێ ڕۆژنامەنووسان لە سلێمانی ئازادن! بەڵێ وایە کاک قوباد، بەڵام بە رەزامەندیی ئاسایش".
هەروەک باسی گفتوگۆی خۆی و هاوپیشەیەکی دەکات و دەڵێت: "لە سەفەرێک چوومە سلێمانی، بە نیو سەعات بیرۆکەی 15 ئیشم دا بە هاوپیشەیەکم، (نەبوونی ڕێگای قیڕتاو لە سلێمانی، کەمیی ئاو لە هەندێک گەڕەک، سووتانی ئەو هەموو دارسنۆبەرە! پاڵاوگەی ناحکوومی لە دەرەوەی سلێمانی...) شتی وا ئاسان. کەچی گۆتی ئامان نەبەز گیان، ماڵمان بە قوڕ مەگرە، پێیانگوتووین ئەو کارانە مەکەن، هەر خەریکی ڕووماڵی فێستیڤاڵ و فەرشی سوور و ڕێکخراوی بندرواری حکوومەت (مەبەستی دەسەڵاتدارانی سلێمانییە) و (خۆپێشاندانی ڕێگەپێدراوی خۆمان) و کۆڕی شیعری ئێواران بن!".
باسنیووز لەمبارەوە دەنووسێت: "یەکێتی لە کاتێکدا موزایەدە بە شەهیدانی قەڵەم دەکات کە چەندان ڕۆژنامەنووس لە سنووری سلێمانی کوژراون و تۆمەتباری زۆربەی کوشتنەکانیش، یەکێتی و بەرپرسانی یەکێتین، لە دیارترینیان کاوە گەرمیانی و ئامانج بابانی و لانەی هاوسەری و لەیلای کوردسات و چەندانی دیکەن".
Your Comment