بەپێی هەاڵی کوردستان- کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: "لە سەردەمی کۆرۆنا نامەیەکم ئاڕاستەی سەرۆکی حکوومەت کرد و داوای دوو شتم کرد، یەکەم پێدانی مۆڵەتی درێژخایەن بۆ سزا سوکەکان، دووەمیش لێبووردنی گشتی، ئەوکات سەرۆکی حکوومەت لیژنەیەکی باڵای دروستکرد بەسەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و نوینەرایەتی چەند وەزارەت و دەستەیەک پڕۆژە یاسایەکمان ئامادەکرد، پڕۆژەکە چوە ئەنجومەنی شورا و ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکیشمان لەگەڵ لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان کرد، چوونکە ئەوانیش پرۆژە یاسایەکیان ئامادەکردبوو".
وەک وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لەبەر ناکۆکییە سیاسییەکان کۆبوونەوەی پەرلەمان کەم دەکرا تا گەشتە ئەوەی پەرلەمان هەڵوەشایەوە، ئێمە ئێستا پڕۆژە یاساکەمان حازرە و پەرلەمانیش یاساکەی خۆی حازرە، دەتوانن لە یەکەم وەرزی پەرلەمان خوێندنەوەی بۆ بکرێت و هەردووکی بکرێت بە یەک و لێبوورنی گشتی بۆ دەربکەن، چوونکە لێبووردنی گشتی لە دەسەڵاتی پەرلەمانە و دەبێت یاسای بۆ دەربکرێت و بکرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە".
ناوبراو ئەوەشی وت: "لەبەر زۆری ژمارەی سزادراوان دەبێت پەرلەمان یاساکە بکاتە کاری لە پێشینە و ڕایگەیاند: "لەئێستادا لیژنەیەک دروستکراوە لە سەرۆکایەتی هەرێم بە ئەندامێتی چەند وەزارەت و دەستەیەک بۆ ئەوەی سەرۆکی هەرێم لێبووردنی تایبەت دەربکات بۆ چەند سزادراوێکی پەککەوتە، کە دەبێت کارمەندەکانمان بیان شۆن و بیانگۆڕن کە لە ۲۵ کەس زیاتر نییە".
"سەرۆکی هەرێم لەوە زیاتر ناچێتە ژێر باری لێبووردنی تایبەت، بۆیە تەنها ڕێگە چارە ئەوەیە لە یەکەم وەرزی خۆیدا پەرلەمان لێبوردنی گشتی دەربکەن و لەبەر قەرەباڵخی زیندانەکان دەبێت پەرلەمان بیکاتە کاری لەپێشینە"، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان وادەڵێت.
بەپێی وتهی کوێستان محەمەد بێت، تەنها لە چاکسازی گەورانی سلێمانی هەزار و ۶۰۰ سزادراوی تێدایە و زیندانی چاکسازی گەورانی هەولێریش ۱۸۰۰ سزادراو و چاکسازی گەورانی دهۆکیش ۲۵۰۰ سزادراوی تێدایە.
Your Comment