گرتووخانەکانی چاکسازیی هەرێمی کوردستان پڕبوون لە سزادراو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، گرتووخانەکانی چاکسازی گەوران لە هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی پڕبوون لە سزادراو و دۆخەکە وا بڕوات دووچاری گرفتی گەورە دەبن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: "چاکسازی گەورانی سلێمانی پێویستە ۹۰۰ سزادراوی تێدا بێت، کەچی ئێستا هەزار و ۶۰۰ سزادراوی تێدایە. چاکسازی گەورانی هەولێر بۆ ۹۰۰ کەس دروستکراوە و ئێستا ۱۸۰۰ سزادراوی تێدایە. چاکسازی گەورانی دهۆکیش ۲۵۰۰ سزادراوی تێدایە لەکاتێکدایە بۆ ۹۰۰ کەس دروستکراوە."

دەشڵێت: "ئێستا کێشەی قەرەباڵغی گرتووخانەکانمان هەیە، گەر ژمارەی سزادراو زیاتر بکات دووچاری گرفتی گەورە دەبین".

تاوانباران بە بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، تاوانبارانی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە ڕووی ژمارەوە لە ڕیزی پێشەوەی جۆرەکانی تری تاوانن کە لە هەرێمی کوردستان دووچاری سزای یاسایی دەبنەوە.

بەپێی ئامارێکی فەرمی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لەماوەی پێنج مانگی سەرەتای ساڵی ۲۰۲۴دا، زیاتر لە هەزار تۆمەتبار بە بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون، ئەمە جگە لەوانەی کە لەلایەن دادگاوە دۆسیەکانیان یەکلایی کراوەتەوەو سزای یاساییان بەسەردا سەپێنراوە.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێم دەڵێت: "دۆخەکە وا بڕوات گرتووخانەکانی چاکسازی دەرەقەتی وەرگرتنی ئەو هەموو سزادراوە نایەن، بۆیە دەبێت کێشەی ماددەی هۆشبەر لەدەرەوە چارەسەر بکرێت و ڕێگە نەدرێت لەمە زیاتر تەشەنە بکات، بەتایبەت مایەی مەترسییە گوێبیستی دەست بەسەرداگرتنی بڕی زۆری ماددەی هۆشبەر دەبین".

هەروەها وتیشی: "هێنانی تۆمەتبارانی ماددەی هۆشبەر بۆ گرتووخانەکان هیچ لە کێشەکان چارەسەر ناکات، چارەسەر وشک کردنی دەروازەکانی هێنانی ماددەی هۆشبەرە کە ئێستا هەرێم بووەتە ترانزێت، لەکاتێکدا ساڵانی ڕابردوو هەرێمی کوردستان پاکترین شوێنی ناوچەکە بووە بۆ مەسەلەی ماددەی هۆشبەر".

لەکۆتایی مانگی ۴ ی ۲۰۲۴، دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەگوندی ئاوباری نزیک قەزای دەربەندیخان دەستیان بەسەر کارگەیەکی ماددەی هۆشبەردا گرت، بە پێی وتەی بەرپرسانی ئاسایشی هەرێم کارگەی بەرهەمهێنانی کریستاڵ بووە.

کوێستان محەمەد وتی،"لەهەموو ناوچەکەدا دەست بەسەر کارگەی ماددەی هۆشبەر لە هەرێم گیراوە، ئەمە کارەساتەو دەبێت بەری پێبگیرێت".

دەوترێت گرتووخانەکانی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان بوونەتە جێگەیەک بۆ ناساندنی بازرگان و بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر بەیەکتری، بەجۆرێک گەر پێشتر ماددەی هۆشبەریان بە زەحمەت دەست خستبێت، ئەوا دوای تەواوکردنی وادەی سزاکانیان و ئازادکردنیان دەتوانن بەئاسانترین شێوە و لە ڕێگەی یەکترییەوە ماددەی هۆشبەر دەست بخەن.

بەڵام وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت: "لە گرتووخانەکانی چاکسازی ژووری لە سێدارەدان و بازرگان و بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەر جیان لە یەکتری، شوێنی نانخواردن و نوستنیان جیایە، مەگەر لەکاتی وەرزش کردن و هێنانیان بۆ بەر خۆر تێکەڵ ببن".

بەپێی وتەی کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێم، هەڵکشانی بازرگانی کردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، هەروەها خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی کردن و سۆشیال میدیا هۆکاری قەرەباڵغ کردنی گرتووخانەکانی چاکسازین لە هەرێمی کوردستان.

News Code 223697

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha