ڕاوێژکاری سەرۆکی کۆچکردووی عێراق هەڵویستی مەسعوود بارزانی لە سەردەمی نەخۆشیی مام جەلالدا ئاشکرا دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- گەورە ڕاوێژکاری سەرۆکی کۆچکردووی عێراق ئاشکرای دەکات کە دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال، مەسعوود بارزانی لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و کوڕەکانی کۆبووەتەوە و بە "زمانێکی باوکانە و برایانە" قسەی لەگەڵ کردوون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، فەخری کەریم، گەورە ڕاوێژکاری پێشووی مام جەلال سەرۆکی کۆچکردووی عێراق لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان مام جەلال و مەسعوود بارزانی و ئەو کاتەش دەکات کە مام جەلال تێیدا نەخۆش کەوتووە.

فەخری کەریم دەڵێت: "هەردووکیان لاپەڕە سەختەکانی ڕابردووی نێوانیان پێچایەوە"و هەڵوێستێکی مەسعوود بارزانیش وەک نموونەی پتەوبوونی پەیوەندییەکانیان دەهێنێتەوە و دەڵێت: "کاتێک مام جەلال نەخۆش کەوت، مەسعوود بارزانی هۆشداری دایە هەر کەسێک کە بیەوێت زیان بە تاڵەبانی و خێزانەکەی بگەیەنێت.

ئەوەشی خستەڕوو کە مەسعوود بارزانی ڕێگربووە لەوەی باس لە پرسی جێگرەوەی مام جەلال بکرێت لە پۆستی سەرۆک کۆماردا و وتیشی، تاوەکوو مام جەلال هەناسە بدات کەس بۆی نییە لە سەرۆکایەتی کۆمار نزیک بێتەوە.

فەخری کەریم باس لەوەش دەکات کە خۆی دیدارێکی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و کوڕەکانی (بافڵ و قوباد) و ئاراسی برازای مام جەلال لەگەڵ مەسعوود بارزانیدا ڕێکخستووە و تێیدا بارزانی "بە زمانێکی باوکانە و برایانەی بێ سنوور قسەی کرد و وتی من خێزانی ئێوەم و کاتێکیش کە دیدارەکە تەواو بوو، هێرۆخان و قوباد تاڵەبانی و ئاراس شێخ جەنگی وتیان: هەرگیز قسەی وامان لێ نەبیستووە.

ناوبراو ڕاشیگەیاند، مەسعوود بارزانی پەرۆش بوو بۆ ئەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بدۆزێتەوە.

فەخری کەریم لەو بڕوایەدایە کە ئەو دۆخە گرژەی ئیستا لە نێوان پارتی و یەکێتیدا دروست بووە تێدەپەڕێت و دەڵێت: "ئەمجارەش هاوشێوەی ڕابردوو ئەگەر مەترسی ڕووبەڕووی دۆزی کورد ببێتەوە، کورد بە یەکگرتوویی ڕووبەڕووی دەبێتەوە و ئەو کەسانەش بەهەڵەداچوون کە گرەو لەسەر پەرتکردنی یەکڕیزی کوردی دەکەن و دەیانەوێت لەسەر ئەم حزب و ئەو حزب گەمە بکەن.

News Code 223657

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha