بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەڕاگەیەنراوی پاش کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا هاتووە: "دواخستنی هەڵبژاردن دەبێتە مایەی خەوشێکی گەورە بە تەوێڵی پرۆسەی سیاسیی کوردستانەوە کە سەرەنجام هیچ ئیعتیبارێک بۆ ویستی ئاڵوگۆڕی دیموکراسیانەی دەسەڵات و بۆ ناوبانگی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان ناهێڵێتەوە و شەرعییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کە ئێستا خۆی کاربەڕێکەرە، دەخاتە ژێر پرسیاری جدییەوە".
دەقی ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
مەکتەبی سیاسی بەسەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە و بەتوندی ئیدانە و سەرزەنشتی هەر هەوڵێکی تاکڕەوانە و دەنگۆی رێککەوتنی لایەنەکان لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد کە بڕیارە لە ١٠-٦-٢٠٢٤ ساز بکرێت. پشتیوانیی خۆشی بۆ بەردەوامی رێکارەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پێناو سەرخستنی هەڵبژاردن لە هەمان وادەدا دووپاتکردەوە.
لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا (١-٥-٢٠٢٤) کە لە دەباشان بەڕێوەچوو، مەکتەبی سیاسی
لەپێناو داکۆکیکردن لە مافی دیموکراسیی خەڵکی کوردستان، بڕیاریدا بە هەموو رێکارێکی یاسایی و بە هەوڵی هەمەلایەنەی سیاسی و دیپلۆماسی، بەگژ هەوڵە ناڕەواکانی دواخستنی هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی ١٠-٦ دا بچێتەوە.
کۆبوونەوە هەمووانی لەو پێشهاتە ترسناکە ئاگادارکردەوە کە هەر هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن وێڕای ئەوەی پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و رێوشوێنەکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنە، دەشبێتە مایەی خەوشێکی گەورە بە تەوێڵی پرۆسەی سیاسیی کوردستانەوە کە سەرەنجام هیچ ئیعتیبارێک بۆ ویستی ئاڵوگۆڕی دیموکراسیانەی دەسەڵات و بۆ ناوبانگی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان ناهێڵێتەوە و شەرعییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کە ئێستا خۆی کاربەڕێکەرە، دەخاتە ژێر پرسیاری جدییەوە.
مەکتەبی سیاسی ئەم جۆرە هەوڵانەی دواخستن بە پاشقولگرتن لە ئیستیحقاقی دیموکراسی دەزانێت و هیچ پاساوێکی بۆ نییە تەنیا رەچاوکردنی بەرژەوەندیی تەسکی ئەوانە نەبێت کە خۆیان لە پرۆسەی هەڵبژاردن دەدزنەوە و بەدوای دەرچەیەکی ناڕەوادا دەگەڕێن کە زۆرینەیەکی زۆرەملێ و پێشوەختی مسۆگەرکراویان بۆ دابینبکاتەوە. هەر بۆیە رایدەگەیەنێت هەرگیز بەشێک نابێت لە کەینوبەینی ژێربەژێر و پێشوەختیش هەموو کۆبوونەوەیەک بەمەبەستی دواخستنی هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە.
بڕیاری کۆبوونەوەکەی دەباشان ئەوەیە کە یەکێتی بۆ پارێزگاری لە مافی دیموکراسیی گەلەکەمان:
بە یاداشتی فەرمی و دیداری راشکاو و جددی دۆستانی پرۆسەی سیاسیی کوردستان، عێراق و کۆمەڵی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەم پەرۆشییە دیموکراسییەی خۆی ئاگادار دەکاتەوە.
بە کۆدەنگیی نیشتمانیی لەگەڵ هێزە کوردستانییەکانی داکۆکیکار لە پابەندبوون بەوادەی هەڵبژاردن، یەکڕیزی و دیموکراسی پتەوتر دەکات.
پەنا بۆ سکاڵای یاسایی دەبات و بەگوێرەی دەستووری عیراق و یاسا بەرکارەکانی، داکۆکی لەم مافەی میللەتەکەمان دەکات.
هەروەک بانگەوازی نیشتمانی و دیموکراسیی خۆی ئاڕاستەی هەمووان دەکات لەم خەباتە یاسایی و دیموکراسییەدا پشتیوان و هاوکاربن.
لە کۆتاییشدا کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتییانە، کوردانە و دیموکراسییانە ڕووی کردە:
ڕای گشتیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
و دەنگدەرانی تازەی پرۆسەی هەڵبژاردن کە بۆ یەکەمینجارە ئەم ئیستیحقاقە دیموکراسییە پیادە دەکەن، با پێکەوە داکۆکی لە ئەزموونی دیموکراسیی کوردستان بکەین و ئەرکی راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی خۆماڵی سەربخەین کە تەنیا بە هەڵبژاردنێکی بێگەرد و لە وادەی خۆیدا دێتەدی.
بۆ پێشەوە بەرەو سەرکەوتنی بژاردەی هەڵبژاردن و دەربازکردنی قەوارەی هەرێم لە هەڕەشەی چەقبەستن و بێئیعتبارکردنی دامەزراوەکانی.
Your Comment