یه‌کێتی و پارتی له‌ناو ده‌وڵه‌تانی ئیقلیمدا سه‌ره‌تاتکێیانه‌

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مه‌لا به‌ختیار رایگه‌یاند، مه‌ترسی هه‌ره‌ گه‌وره‌، ئه‌وه‌یه‌، یه‌کێتی و پارتی له‌ دو روانگه‌ی سه‌راپا جیاوازه‌وه‌ سیاسه‌ت ده‌که‌ن و له‌ناو ده‌وڵه‌تانی ئیقلیمدا سه‌ره‌تاتکێیانه‌، ده‌شڵێت، "هه‌ڵبژاردن نه‌کرێت زیانی زۆره‌، بشکرێت کێشه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌کانی کوردستان چاره‌سه‌ر ناکات".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مه‌لا به‌ختیار، ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجومه‌نی باڵای به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی یه‌کێتی، له‌میانی کۆبونه‌وه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک که‌سایه‌تی خانه‌قین، ڕایگه‌یاند: "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ناکرێت گۆڕانکاری و ده‌ستکه‌وته‌کانی دوای راپه‌ڕین، نادیده‌ بگیرێت و کوردستان له‌ زۆر ڕووه‌وه‌، په‌ره‌ی پێدراوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، له‌ هه‌ندێک ڕووی بنچینه‌ییه‌وه‌، کورد و کوردستان دوچاری شکست و پاشه‌کشه‌ی ترسناک کراوه‌، وه‌ک، سیاسه‌تە ئابوورییەکانی ۳۲ ساڵی ڕابردوو شکستی خوارد".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌رێمی كوردستان به‌ دیفاكتۆ، دوو ئیداره‌یی، دوو هێزی چه‌كداری، دوو جۆر كۆنتڕۆڵی سه‌رچاوه‌ی داهات، دوو سیاسه‌تی ئاسایش، نه‌نووسینی ده‌ستوور، لێكترازانی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان فراوانبوونی گه‌نده‌ڵی، ئه‌و دیارده‌ ترسناكانه‌ وایان كردووه‌، كوردستان به‌ناچاری چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی بباته‌وه‌ چه‌قی به‌غداد!.

مه‌لا به‌ختیار وتووشیه‌تی، "كوردستان هه‌میشه‌ كوژراوی ڕێكه‌وتنه‌كانی نێوده‌وڵه‌تییه‌، له‌سه‌ر حسابی مافه‌ دیموكراسیه‌كانی گه‌لان، له‌م هه‌لومه‌رجه‌شدا دیسان فه‌ڵه‌ستین كراوه‌ته‌وه‌ میحوه‌ری چاره‌سه‌ری ئاشته‌وایی و كێشه‌ی سیاسی گه‌وره‌تری كوردستان، په‌راوێز خراوه‌!".

ناوبراو ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو، "له‌ جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌م و جه‌نگی ساردا، كورد دوچاری كاره‌ساتی جۆراوجۆر كرا، له‌م بارودۆخه‌شدا؛ له‌ سایه‌ی سیسته‌می نوێی جیهان ‌و جیهانگیریشدا، جگه‌ له‌ هەرێمی كوردستان، وه‌كوو نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئازادیخواز، ستراتیژێكی دیموكراسی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانمان له‌ئارادا نییه‌، به‌م دۆخه‌ سیاسییه‌ ناوخۆییه‌ی به‌شه‌كانی كوردستان، تایبه‌ت هه‌رێم، زۆر وریا نه‌بین، دوچار كاره‌ساتی گه‌وره‌ ده‌بین.

مه‌لا به‌ختیار باسی له‌وه‌كردوه‌، "مه‌ترسی هه‌ره‌ گه‌وره‌، ئه‌وه‌یه‌، یه‌كێتی و پارتی له‌ دوو ڕوانگه‌ی سه‌راپا جیاوازه‌وه‌ سیاسه‌ت ده‌كه‌ن و له‌ناو ده‌وڵه‌تانی ئیقلیمدا سه‌ره‌تاتكێیانه‌! لایه‌نه‌كانی تریش وا سیاسه‌ت ده‌كه‌ن، كه‌ گوایه‌ شكستی پارتی و یه‌كێتی له‌ هه‌ڵبژاردندا له‌قازانجی سه‌ركه‌وتنی ئه‌وانه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدا ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی نه‌كرێ زیانی زۆره‌، بشكرێ كێشه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی كوردستان چاره‌سه‌ر ناكات، هه‌روه‌كوو چۆن په‌رله‌مانه‌كانی تری كوردستان، كێشه‌یان زیاد نه‌كردبێ، چاره‌سه‌ریان نه‌كرد".

News Code 223380

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha