ئەگەر هه‌ڵبژاردن به‌بێ پارتی بکرێت ۱۰ گۆڕانکاری ڕووده‌دات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئه‌ندامی خولی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، په‌رله‌مانی بێ پارتی فرسه‌تێکی که‌م وێنه‌یه‌ و ۱۰ گۆڕانکاری له‌ هه‌رێمی کوردستان ڕووده‌دات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئه‌حمه‌د حاجی ڕه‌شید له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له ‌تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووک له‌ژێرناوی (په‌رله‌مانی بێ پارتی دیموکرات فرسه‌تێکی که‌م وێنه‌) نووسیویه‌تی: "له‌دونیای سیاسه‌تدا  هه‌ل قۆستنه‌وه‌ یه‌کێکه‌ له‌و فاکته‌رانه‌ی که‌ گۆڕانکاری سیاسی تێدا ڕووده‌دات هه‌ندێکجار هه‌ل قۆستنه‌وه‌ باشترین فرسه‌ت ده‌بێت بۆ گۆڕانکاری له‌ ناوخۆی حیزبه‌کانیشدا، هه‌ربۆیه‌ هێزه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان به‌ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه‌  هیچ کامیان ناتوانێت ڕکابه‌ری به‌رانبه‌ره‌که‌یان بکه‌ن له‌ پێشکه‌شکردنی کاری باشتر، بۆ نموونه‌ هه‌رگیز یه‌کێتی ناتوانێت کارێکی ته‌واو جیاواز بکات که‌ پارتی ئیحراج بکات به‌وهۆیه‌وه‌ لێی به‌رێته‌وه‌ ئه‌وه‌ بۆ پارتیش هه‌ر ڕاسته‌، سه‌باره‌ت به‌ به‌ناو ئۆپۆزسیۆنیش له‌ نێوان ئۆپۆزسیۆنی شه‌رمن و بێ دیدگا و موجامیل و هه‌ندێکجاریش ئۆپۆزسیۆنی فریوده‌ر هه‌رگیز ناتوانێت ببێت به‌ به‌دیل بۆ ده‌سه‌ڵاتێک که‌ گه‌مه‌که‌رێکی ئه‌ساسیه‌ و که‌ی ویستی ئۆپۆزسیۆن ده‌کاته‌ ده‌ره‌وه‌ی گۆڕه‌پانه‌که‌".

ڕاشیگه‌یاندووه‌: "به‌دیوه‌که‌ی دیکه‌دا هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌به‌رانبه‌ره‌کانیان به‌رنه‌وه‌ به‌ کردنی هه‌ڵه‌یه‌کی ستراتیجی وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ پارتی تێکه‌وتووه‌، ئۆپۆزسیۆنیش ته‌نها له‌هه‌وڵی قۆستنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی به‌رانبه‌ره‌که‌یدایه‌ که‌ پله‌یه‌ک یان دوان له‌ رکابه‌ره‌که‌ی پێشکه‌وێت، ئه‌گینا ئۆپۆزسیۆنی کوردستان هه‌رگیز خۆی به‌ به‌دیلی ده‌سه‌ڵات نه‌زانیوه‌ یان کاری بۆ نه‌کردوه‌، ئه‌وه‌شی له‌ که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنی ئۆپۆزسیۆن ده‌وترێن جگه‌  جوانکردنی وتار له‌ئه‌رزی واقع کارێکی ئه‌وتۆ نه‌کراوه‌".

باسی له‌وه‌شکردووه‌، "له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی که‌ هه‌ڵبژاردن قه‌رار وایه‌ له‌ مانگی (حوزه‌یران/۶)ی ئه‌مساڵ ئه‌نجامبدرێت، ده‌بێت وه‌ک هه‌لێکی زێڕین سه‌یر بکرێت و هیچ هێزێکی سیاسی جا له‌ده‌سه‌ڵات بێت ئێستا یان له‌ ئۆپۆزسیۆن بێت، نابێت له‌ژێر هیچ بیانویه‌کدا رازی بێت به‌ دوباره‌ دواخستنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ر هێزێک رازی بێت به‌ دواخستنی هه‌ڵبژاردن له‌به‌ر به‌شداری پارتی، ئه‌وه‌ با دڵنیا بێت هه‌ر پارتیه‌ و به‌ڵام لۆگۆیه‌کی دیکه‌ی هه‌یه‌ و کۆمه‌ڵه‌ کادرێکی دیکۆر جیاوازی ناخ پارتی ئیداره‌ی ده‌ده‌ن".

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید ده‌ڵێت، "ئه‌وکاته‌ی که‌ هه‌ڵبژارن ده‌کرێت پارتی له‌په‌رله‌ماندا نییه‌ ئه‌مانه‌ ڕوو ده‌ده‌ن".

یه‌که‌م:

حکوومه‌ت  زو دروست ده‌بێت و ئۆپۆزسیۆنی جدییش دێته‌ مه‌یدان و چیتر پارتی ناتوانێت ئۆپۆزسیۆن به‌کار بهێنێت.

دووه‌م:

وه‌زیره‌کان وه‌زیری حکوومەت ده‌بن به‌رپرسیارده‌بن به‌رانبه‌ر کار و چالاکی خۆیان.

سێیه‌م:

سه‌رۆکی حکوومەت و وه‌زیره‌کان زۆر به‌ئاسانی بانگ ده‌کرێن بۆ په‌رله‌مان و لێپرسینه‌وه‌یان لێده‌کرێت و دوریش نییه‌ متمانه‌یان لێبسه‌رنرێته‌وه‌.

چواره‌م:

یاسای بووجه‌ دێته‌ په‌رله‌مان و تاوتوێ ده‌کرێت به‌شه‌فافی.

پێنجه‌م:

په‌رله‌مان قودسیه‌تی خۆی ده‌بێت و که‌س ناتوانیت به‌زه‌بری هێز سه‌رۆکه‌که‌ی بنێرێته‌وه‌ بۆ ئه‌مدیوی دێگه‌ڵه‌.

شه‌شه‌م:

لایەنگرانی پارتی به‌ئازادانه‌ خۆپیشاندان ده‌که‌ن دژ به‌ حکوومەتی هه‌رێم .

حه‌وته‌م:

سامانی وڵات دیار ده‌بێت و که‌س قۆرخی ناکات بۆ بنه‌ماڵه‌ .

هه‌شته‌م:

ڕۆژنامه‌نووس زیندانی ناکرێت و ناکوژێت و بێسه‌روشوێنیش ناکرێت.

نۆیه‌م:

مووچە‌ له ‌به‌غداده‌وه‌ بێت و ته‌وتین بکرێت کۆیله‌کانیش ئازاد ده‌بن .

ده‌یه‌م:

له ‌هه‌مووی خۆشتر ڕزگارمان ده‌بێت له ‌وتاری قه‌ومه‌چیه‌تی و بازرگانی به‌ناوی کوردایه‌تیه‌وه.

ئه‌حمه‌دی حاجی ڕه‌شید ڕوونیشیکردۆته‌وه‌، "ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ڕویدا ئه‌وکاته‌ کورد ده‌بێته‌ خاوه‌نی حکوومەتی کوردی  ئه‌گینا هه‌ر حکوومەتی جووت بنه‌ماڵه‌ ده‌بێت و لێواره‌نانێکش ده‌درێت به‌هه‌ندێک".

News Code 223376

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha