ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا بکرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم دەڵێت ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆی و بەشێوەیەکی پاک و بێ گەرد بەڕێوەبچێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بە تەلەفزیۆنی NRTی وت: پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەمریکاش لەگەڵ ئەوەن.

هاوکات تۆماس سیلەر باڵیۆزی یەکێتی ئەورووپا لە عێراق ڕایگەیاندووە، بۆ نوێکردنەوەی شەرعییەت و پڕۆسەی دیموکراسی، پێویستە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت.

لەلایەکی دیکەشەوە، پاتریک دورێل، باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق رایگەیاند، جەخت لە گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا و بە بەشداری سەرجەم لایەنەکان دەکەنەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بۆ یەکەمجار لە ماوەی ٣٢ ساڵی ڕابردوودا، سەرۆکی ئەمریکا جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، پشتگیری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.

هاوکات، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە رایگەیاند، ئەگەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی ١٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵدا ئەنجام نەدرێت، ئەوا مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێم دروست دەکات.

مانگی شەشی ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە و فشارێکی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیش لەسەر لایەنەکانی دەسەڵاتە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا.

News Code 223359

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha